ئێران و ئۆکرانیا ناکۆکی کەوتە نێوانیان؛ سکاڵا لە فەرماندەیەکی ئێران تۆمار دەکرێت

جیهان

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 1273

راچڵەکین-

ئێران بانگەشەی هەبوونی فەرماندەیەکی ئێرانی لە ئۆکرانیا، بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی ڕووسیا بە بێ بنەما ناوبرد و ڕەتیکردەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئۆکرانیا سکاڵای لە دژی فەرماندەیەکی ئێرانی تۆمارکردووە بەوەی هەزار درۆن زیاتری داوە بە رووسیا و مەشقیش بە رووسەکان دەکات.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو هەواڵە بڵاوکراوانەی لە بارەی بوونی فەرماندەیەکی ئێرانی بەناوی (عەباس مووسا شەریفی مولاسەرایی)، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە نیمچە دوورگەی ئۆکرانیا بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی رووسیا ڕەتکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، داواکاری گشتی ئۆکرانیا، لەم بارەوە دۆسیەیەکی لە دژی ئەو فەرماندەیە تۆمار کردووە.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەم جۆرە بانگەشەیە بێ بنەمایە بە ئامانج و پاڵنەرێکی سیاسی تایبەتەوە دەکرێت، و پێچەوانەی پرەنسیپی ئێرانە کە داوای راگرتنی جەنگ و چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات.

داواکاری گشتی ئۆکرانیا، ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە بەرپرسیار دەزانێت، لە گواستنەوەی لانیکەم هەزار و 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهد-136" و "موهاجر 6" بۆ ڕووسیا لە ساڵی 2022.

ئۆکرانیا دەڵێت، ئەم فەرماندەیە، هێزەکانی رووسیا فێری چۆنیەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کردووە.

بەگوێرەی پەیامی داواکاری گشتی، ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران نەک هەر هاوکاری هێزەکانی ڕووسیای کردووە لە گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مەشقی پێویستی پێشکەش کردووە، بەڵکو یارمەتی ڕووسەکانیشی داوە لە هێرشە ڕاستەقینەکانی دژی ئامانجەکان لە ئۆکرانیا.

بەپێی داتاکانی داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، ئەم چالاکییانە لە مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 لە نیمچە دورگەی کریمە ئەنجامدراون، کە هەشت ڕاوێژکاری ئێرانی گەشتیان بۆ ئەوێ کردووە.

ئێران پێشتریش هەواڵی پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بە رووسیا رەتکردەوە، بەڵام دواتر دانی بەوەدانا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی "شاهد 136"ی پێش جەنگی ئۆکرانیا، رەوانەی رووسیا کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن