نزیکەی 40 هەزار کەس لەمساڵدا لە ژاپۆن لەتەنیاییدا گیانیان لەدەستداوە

هەمەڕەنگ

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 185

راچڵەکین-

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 40 هەزار کەس لە وڵاتی ژاپۆن، بەتەنیایی لە ماڵەکانی خۆیاندا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی ژاپۆن، نزیکەی چوار هەزار کەسیان، دوای زیاتر لە مانگێک لە مردنیان دۆزراونەتەوە. تەرمی 130 کەسیش دوای ساڵێک لە مردن دۆزراونەتەوە.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا ژاپۆن بەتەمەنترین ژمارەی دانیشتووانی جیهانە.

پۆلیسی ژاپۆن هیوادارە ئەم ڕاپۆرتە بتوانێت سەرنجی خەڵک بۆ کێشەی زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان ڕابکێشێت کە بەتەنها گیان لەدەستدەدەن.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ژاپۆن، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە گشتی 37 هەزار و 227 کەس کە بە تەنیا ژیاون لە ماڵەکانیاندا بە مردوویی دۆزراونەتەوە، کە زیاتر لە 70%یان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوە بووە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، حکومەتی ژاپۆن پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی تەنیایی درێژخایەن و گۆشەگیری، کە بەشێکی بەهۆی بەساڵاچوونی دانیشتوانی وڵاتەکەوە دروست بووە.

ژاپۆن ساڵانێکە هەوڵدەدات چارەی پرسی پیریی و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانەکەیدا بکات، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە بۆ ئەو وڵاتە قورستر بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن