راچڵەکین-
فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" دەرکرا. مۆڵەتی دوو هەفتەش بە کەفیلەکانی دەدات رادەستی بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27-8-2-2024, نور زوھێر، کە تۆمەتباری سەرەکی دزی سەدەیە، بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی کرا.
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دوای دادگاییکردنەکە لە پەیامێکدا رایگەیاند:" دادوەر فەرمانی دەستگیکردنی بۆ تۆمەتبار نور زوهێر دەرکرد و مۆڵەتی دا بە کەفیلەکانی تاوەکو 9-9ی ئەمساڵ لە بەردەم دادگا ئامادەی بکەن".
پێشتر بە بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەکانى دەستپاکى، نور زوهێر، خاوەنى هەردوو کۆمپانیاى قانت و موبدیعون بە بارمتە ئازاد کرا.
رۆژی 14ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی دادگاییکردنەكەی بوو، بەڵام تۆمەتبار ئامادە نەبوو و دادگاییكردنەكە بۆ 27ـی ئەم مانگە دواخرا.
نور زوھێر، پێشتر ھەڕەشەی ئاشكراكردنی ناوی چەندین كەسی دیكەی پەیوەست بەو دۆسییە کردبوو، وتبووی: ئەو پارەیەی وەریگرتووە لە بانكی ڕافیدەین، ھی دەوڵەت نییە و ئەگەر دادگایی بكرێت ناوی چەندین كەسی دیكە ئاشكرا دەكات.
ئەم تۆمەتبارە لە ماوەی پێشوودا، لە وڵاتی لوبنان لە ناوچەیەک لە بەیروت تووشی ڕووداوی ھاتووچۆ بوو، بە بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.