بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران کوردێکی سوننە پۆستێکی باڵای وەرگرت

ڕاپۆرت

27/08/2024     ژمارەی بینراو 444

راچڵەکین-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە دەرکردنی فەرمانێک، عەبدولکەریم حوسێنزادە- نوێنەری کورد و سوننەمەزهەبی پەرلەمانی وڵاتەکەی، بۆ پۆستی جێگری خۆی لە کاروباری "گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی وڵات" دەستنیشان کرد.

لەوەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، حوسێنزادە یەکەم نوێنەری سوننەمەزهەبە کە ببێتە ئەندامی کابینەیەکی حکومەتی ئەو کۆمارە ئیسلامییە، و بەرزترین پلەی سیاسییە کە تا ئێستا بە سوننەمەزهەبێت درابێت.

پزیشکیان لە حوکمەکەیدا نووسیویەتی بەهۆی "پابەندبوون و ئەزموونە بەنرخەکانی" بۆ ئەم پۆستە هەڵیبژاردووە.

بە سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، بەڵێنی هاوکاری لەگەڵ هەموو کەسانی شایستە لە بەرپرسیارێتی حکومەت و هەروەها پێکهێنانی "حکومەتێکی یەکڕیزی نیشتمانی"، هیوای دامەزراندنی کەسی سوننەی وەک وەزیر زیاتر کرد.

بەڵام کاتێک لیستی وەزیرەکانی کابینەکەی پزیشکیان پێشکەش بەپەرلەمانی وڵات کرا، بە وتەی زۆر کەس لە ناوخۆی وڵاتی ئێران، ئەو هیوایەی تێکشکاند و دەنگی ناڕەزایی پیاوانی ئایینی و نوێنەرانی سوننەی بەرزکردەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید کەسایەتی ناوداری سوننەمەزهەب لە بەلوچستان، وتی: لە هەنگاوی یەکەمدا چاوەڕوانییەکانی خەڵک بەدی نەهات و ئێستا زۆرێک لە دەنگدەران نیگەرانن.

عەبدولکەریم حوسێنزادە ساڵی 1980 لە شاری نەغەدە لە دایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری پلاندانانی شار لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای تاران.

لە بازنەکانی هەڵبژاردنی نەغەدە و شنۆ لە پارێزگای "ئازەربایجانی ڕۆژئاوا"، ئەندامی کۆمیسیۆنی بیناسازی پەرلەمانی ئێرانە.

حوسێنزادە کەسایەتییەکی سیاسی ڕیفۆرمخواز و سەرۆکی فراکسیۆنی مافی هاووڵاتیبوونی پەرلەمان و نوێنەری خولی ١٠ و ٩ی پەرلەمانی ئێران بوو.

دوو ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران، حوسێنزادە بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ژینا ئەمینی لە ئینستاگرامی خۆیدا نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو لە مردنی ژینا ئەمینی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن