فەڕەنسا بۆچی خاوەنی تیلیگرامی دەستگیرکردووە؟

هەمەڕەنگ

25/08/2024     ژمارەی بینراو 233

راچڵەکین-

پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام، لە فڕۆکەخانەی پاریس لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستگیرکرا. بەگوێرەی کەناڵی تەلەفزیۆنی "TF1"ی فەرەنسی، دورۆڤ بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە کۆماری ئازەربایجانەوە گەشتی کردبوو.

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی پاڤێل دورۆڤ لە فڕۆکەخانەیەکی نزیک پاریس، میدیاکانی فەرەنسا ڕایانگەیاند کە بڕیارە شەوی شەممە لەبەردەم دادوەر ئامادەبێت و ڕەنگە ڕۆژی یەکشەممە ڕووبەڕووی تۆمەتی تیرۆر و دابینکردنی مادەی هۆشبەر و ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە بکرێتەوە.

سەرچاوە نزیکەکان لە دۆسیەکە ڕایانگەیاندووە کە پێدەچێت سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت. کاتێک هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوکرایەوە، پشکەکانی تێلێگرام بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینیان بەخۆوە بینی.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە، دەسەڵاتی یاسایی فەرەنسا پێیان وایە کە دورۆڤ، تێوەگلاوە لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان و تاوانەکانی دژی منداڵان و ساختەکاریدا، ئەمەش بەهۆی "کۆنترۆڵنەکردنی تەواوەتی تێلێگرام و ڕەتکردنەوەی هاوکاریکردن لەگەڵ یاسا و ئەگەری ناردنی دراوی کۆدکراو لە ڕێگەی نامەبەرەوە".

هەروەها کەناڵی TF1 بڵاویکردەوە کە بڵاوکردنەوەی "نامە کۆدکراوەکان لە تێلێگرام" یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سکاڵاکردنی یەکێتی ئەوروپا بووە لە دۆرف.

ناوبراو لە لیستی داواکراوانی فەرەنسادا بووە و پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری وەستاندنی لە فڕۆکەخانەیەکی فەرەنسا ‌هێشتا دیار نییە.

دورۆڤ لە ڕووسیا لەدایکبووە، وەک یەکێک لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا ناسراوە و ناوی لێنراوە "مارک زوکەربێرگی ڕووسیا".

بارەگای سەرەکی تێلێگرام دەکەوێتە شاری دوبەی، ئەم ئەپڵیکەیشنە ئێستا 900 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە.

سامانی ئێستای پاڤێل دورۆڤ بە 15.5 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن