راچڵەکین-
زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی جیهان، پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكە لەلایەن مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانییەوە، لە هەرێمی كوردستان دۆزرانەوە و وەكو جۆری نوێ (سپیشیزی نوێ) لە زانستدا ناسێنران.
بەپێی بڵاوکراوەی زانکۆی سلێمانی، وەک ڕێکارێکی زانستیش لە پێگەی zoobank.org کۆدی تایبەتییان پێدرا، و لە هەموو جیهانیشدا بەو ناوە کوردییانە ناویان دەهێنرێت.
فەرهاد ئەحمەد خدر پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بایۆلۆجی كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی بە”سایتی زانكۆ”ی ڕاگەیاند: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێنج جۆری نوێی گیانداری جاڵجاڵۆكەی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش سلێمانی و دەوروبەری دۆزیوەتەوە.
بەوتەی فەرهاد ئەحمەد: “دواتر لە كارێكی هاوبەشی نێوان زانكۆی سلێمانی و زانكۆی مەندڵ لە كۆماری چیك و زانكۆی Altai لە ڕوسیا و بەسەرپەرشتی (د. عەلی ڕەزا زەمانی) لە زانكۆی Turku لەفنلەندا، بابەتەكانی ئەم دۆزینەوە زانستییەی لە جۆڕناڵی بەئیمپاكت فاكتەری نیودەوڵەتی (ZOOTAXA) بڵاوكردۆتەوە”.
ڕاشیگەیاند: ناوە زانستییەكانی ئەم جۆرانە بەناوی كوردستان و گەرمیان و سۆران و گۆیژە و هەزارمێردەوە ناونراون، كە بریتین لە دیسدرا كوردستانیكە (Dysdera kurdistanica)، دیسدرا گۆیژە (Dysdera goyzha)، پەڵپیمانەس گەرمیانەس (Palpimanus garmiyanus)، تیجیناریا سۆرانی (Tegenaria sorani)، زیلۆتس هەزارمێردێنسیس (Zelotes hazarmerdensis).
بەپێ سەرچاوە زانستییەکان، لە جیهاندا پتر لە ٥۱٦۰۰ جۆری جاڵجاڵۆکە هەیە. ناوبەناو لە هەندێک لە وڵاتانی جیهانیش جۆری نوێ ئەدۆزرێنەوە، ئەم جۆرە نوێیانەی کوردستانیش بۆ ژمارە جیهانییەکە زیاد ئەکرێت.
جێگەی باسە، كە لە گەڕانەکانیدا بەناو سروشتی چەند ناوچەیەکدا ٧٤ نموونەی جاڵجاڵۆکە كۆكرانەوە کە تەنیا ئەم پێنج جۆرەیان Species نوێبوون، سەرباری ئەمەش چەندین نموونەی توخم و جۆری تریان وەكو ڕیكۆردی نوێ خرایە لیستی فاونای گیاندارانی عێراق و كوردستانەوە.