پێنج کەس لەسەر کەیسی مردنی ماتیۆ پێری دەستگیرکران

هەمەڕەنگ

16/08/2024     ژمارەی بینراو 251

راچڵەکین-

لەسەر کەیسی مردنی ماتیۆ پێری کە بەهۆی زیادەڕۆیی لە ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ڕابردوودا گیانی لەدەستدا، پێنج کەس لەنێویاندا دوو پزیشک و یاریدەدەری تایبەتی ئەکتەرەکە دەستگیرکراون.

بەوتەی پۆلیسی ئەمریکا لێکۆڵینەوەکانیان کە لە مانگی ئایارەوە دەستیپێکرد، بووە هۆی دۆزینەوەی "تۆڕێکی تاوانکاری ژێرزەمینیی بەرفراوان" بۆ دابینکردنی ماددە هۆشبەرەکان کە بڕێکی زۆر لە کیتامینیان دابەشکردبوو.

پێری تەمەن 54 ساڵ لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا لە ماڵەکەی خۆی لە لۆس ئەنجلۆس کۆچی دوایی کرد. دوای پشکنینی تەرمی مردووەکە دەرکەوت ماددەی کیتامین بەڕێژەی زۆر لە خوێنیدا بووە. ئەو لێکۆڵینەوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە "کاریگەرییە توندەکان"ی ئەو ماددەیە بووەتە هۆی مردنی.

مارتن ئیسترادا، داواکاری گشتی فیدراڵی وتی: "ئەم تۆمەتبارانە کێشەی ئالوودەبوونی پێری-یان قۆستەوە بۆ ئەوەی گیرفانەکانیان پڕ بکەن. ئەوان دەیانزانی ئەوەی دەیکەن زۆر مەترسیدارە بۆ پێری، بەڵام هەر بەردەوام بوون و ئەو مادانەیان پێ فرۆشتووە".

کیتامین کە دەرمانێکی بەهێزی بێهۆشکەرە، بۆ چارەسەری خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ئازار بەکاردێت. کەسانی نزیک لە پێری کە یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەی ئێن بی سی "هاوڕێیان"ی بینیوە، دوای مردنی بە لێکۆڵەرانی پزیشکی دادوەرییان ڕاگەیاندووە کە چارەسەری دەرزی کیتامینی بۆ دەکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن