ئامارێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر لە کوردستان بڵاودەکرێتەوە

کوردستان

13/08/2024     ژمارەی بینراو 339

راچڵەکین-

لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە دوو تۆن مادەی ھۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە و 636 تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەریش دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بڕێکی زۆر و جۆراوجۆر ماددەی ھۆشبەر لەناودەبرێن کە فەرمانی کۆتاییان لەلایەن دادوەرەوە بۆ وەرگیراوە.

ناوبراو روونیکردەوە، لیژنەیەکیش لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ماددە ھۆشبەرەکان ئامادە دەبن لە کاتی سوتاندیدا.

ڕاشیگەیاند، تەنھا لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا 638 تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون کە لەو ژمارەیە 200 بۆ 250 یان بەکارھێنەر و ئەوانیش دیکەش بازرگان و فرۆشیارن، ھەر لەو حەوت مانگەشدا زیاتر دوو تۆن مادەی ھۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە کە لە داھاتوودا ئەوانیش لەناو دەبرێن.

 

لەبارەی دەستگیركردنی رەگەزی مێ بەتێوەگلان لەبەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "رێژەیەكی كەم لەرەگەزی مێ لەناو دەستگیركراوەكاندا هەن و زۆربەی تۆمەتبارەكان لەرەگەزی نێرن".

پێشتر سەلام عەبدولخالق رایگەیاندبوو،"زۆربەی ئەو ماددانەی دەهێنرێنە هەرێم بۆ دەرەوەی عێراق دەبرێن و هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێت."


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن