ئێران وەڵامی داواکاریی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان دەداتەوە

جیهان

13/08/2024     ژمارەی بینراو 351

راچڵەکین-

لە وەڵامی سێ وڵاتی زلهێزی جیهان کە داوایان لە ئێران کردبوو، خۆی بەدووربگرێت لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و پەرەپێدانی گرژییەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: حکومەتی ئێران مۆڵەت لە هیچ کەسێک وەرناگرێت بۆ کەڵک وەرگرتن لە مافەکانی سەبارەت بە بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت:" حکومەتی ئێران، سوورە لەسەر بەرگری لەخۆکردن و هاوکاریگەیاندن بە سەپاندنی ئارامی لە ناوچەکە و رێگریکردن لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی تیرۆر".

کەنعانی حکومەتی ئیسرائیل-ی بە "سەرچاوەی سەرەکی نائەمنی لە ناوچەکە" ناوبرد و ڕایگەیاند، بەیاننامەی سێ وڵاتی ئەوروپی لەکاتێکدا دەرچووە کە "لە ئەنجامی بێباکی وڵاتانی ڕۆژئاوا و پاڵپشتی کردنیان لە ئیسرائیل، هەموو جۆرە تاوانێکی نێودەوڵەتی، لەوانەش جینۆساید و تاوانی جەنگ لەلایەن ئەم وڵاتەوە دژی نەتەوەی بێبەرگریی فەلەستینی بەردەوامە".

سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییان بە حکومەتی ئێران دا، کە بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل گرژییەکانی ناوچەکە پەرەپێدەدات و ڕایانگەیاند، شەڕەکە دەرفەتی دامەزراندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لەناو دەبات.

هەر لەو ڕۆژەدا سەرانی ئەم سێ وڵاتە، هاوکات لەگەڵ ئیتالیا و ئەمریکاش رایانگەیاند کە بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن لە بەرامبەر ئەگەری هێرشەکانی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی دەکەن.

کەنعانی لەبارەی داواکاریی وڵاتانی نێودەوڵەتییەوە وتی، ئەم داواکارییانە زێدەڕەوانەیە و لۆژیکی سیاسییان نییە، بەپێچەوانەی تەواوی پرەنسیبی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی سیاسی حەماس لە تاران-ی پایتەختی وڵاتی ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند ئەم کارە لەلایەن ئیسرائیل کراوە و تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن