تەیف سامی دەچێتە پەرلەمان و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدرێت

ئابوری

13/08/2024     ژمارەی بینراو 214

راچڵەکین-

ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق دەچێتە پەرلەمان و کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كێشەكانی مووچە و بودجە و پارەی پڕۆژەكان چەند بابەتێكی دیكە ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و روونکردنەوە لەسەر هاوتاى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەگەڵ بەغداد بدات و هاوکات هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بۆ مانگی تەمووز بخاتەڕوو.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەیەوە رایگەیاند :" کۆبوونەوەکە بۆ پرسیارکردن و تاووتوێکردنی پرسە پەیوەندیدارەکانە تایبەت بە وەزارەتى دارایی، لە نێویشیاندا پرسیار دەبێت لەسەر مووچە و هاوتاکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەگەڵ بەغداد".

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرانی دارایی و پلاندانان و نەوت و پارێزگاری بانكی ناوەندی و چەند وەزیرێكی دیكەی پەیوەنداریش ئامادە دەبن.

وابڕیارە لەم کۆبوونەوەدا، تاوتوێی كێشەكانی پارەداركردنی پارێزگاكان، بودجە، پارەی پڕۆژە و مووچە و نەبوونی سیوولە و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و جێبەجێكردنی خاڵەكانی بودجە بەشێوەیەكی گشتی لە سەرانسەری عێراق بکرێت.

رۆژی یەکشەممە 21ی 7، لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەغداد کرا. بەڵام تاوەکو ئێستا پارەی مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

پێشتر دەنگۆی نەبوونی نەختینە لە عێراق وەک هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم باسکرا، بەڵام دواتر تەیف سامی رەتیکردەوە و وتی پارەی نەختینە هەیە و هیچ کێشەیەک لەمبارەیەوە نییە.

بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی عێراق پاش ئەم لێدوانەی وەزیری دارایی عێراق وتی، کێشە نەبوونی نەختینەیە و حکومەتی عێراق ئەم پرسە دەشارێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن