ئەمریکا فرۆشتنی چەک هێرشبەری بە سعودیە دەستپێدەکاتەوە

جیهان

13/08/2024     ژمارەی بینراو 218

راچڵەکین-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، دوای ڕاگرتنی زیاتر لە سێ ساڵ، فرۆشتنی چەکی هێرشبەری بە سعودیە دەستپێدەکاتەوە.

دوای گەیشتنی بە کۆشکی سپی لە ساڵی 2021، جۆ بایدن ڕایگەیاند کە تەنیا چەکی بەرگری بۆ سعودیە دەنێرێت بەهۆی نیگەرانییەکان لە کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە شەڕی یەمەن.

ئەمریکا دەڵێت، بەو پێیەی سعودیە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ئامادەیە مەرجەکانی فرۆشتنی چەک بۆ ڕیاز بگەڕێنێتەوە.

سعوودیە کە لە شەڕی یەمەن لە دژی حوسییەکان پاڵپشتی حکوومەتی ئەو وڵاتەی کردبوو، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ ڕایگەیاند کە شەڕی یەمەن بۆ پشتیوانی لە دانوستانەکانی ئاشتی ڕادەگرێت.

لە زستانی ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگرتنی دوژمنایەتییەکانی نێوان حکومەتی یەمەن و ئۆپۆزسیۆنی حوسییەکانی ئەم حکومەتەی ڕاگەیاند.

ئەمریکا دەڵێت سەرەڕای هێرشە ناوبەناوەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور، سعودیە پابەندە بەم ڕێککەوتنە: "تا ئێستا یەک هێرشی ئاسمانی لە سعودیەوە بەرەو یەمەن ئەنجام نەدراوە و هێرشەکانی یەمەن بۆ سەر خاکی سعودیە نزیکە لە وەستان".

بڕیاری ئیدارەی بایدن بۆ دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی چەکی هێرشبەری بە سعودیە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزبوونەتەوە و هەوڵ بۆ دامەزراندنی ئاگربەست لە غەززە هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن