راچڵەکین-
فەرماندەی گشتی سوپای ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت، هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان توانیویانە 1000 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی ڕووسیا بگرن.
سێشەممەی ڕابردوو هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی ڕووسیا دەستپێکرد.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ئۆپەراسیۆنەکەی بە "ئیستفزازی جدی" ناوبرد و فەرمانی بە هێزەکانی روووسیا کرد کە "هێزەکانی دوژمن" لەو وڵاتە بکشێننەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا شەڕی هێناوەتە سەر ماڵی خەڵکی دیکە و ئێستا شەڕەکە گەڕاوەتەوە بۆ ڕووسیا.
لەم دواییانەدا نزیکەی ٦٠ هەزار کەسی دیکە فەرمانیان پێکراوە کە ناوچەی کورسک-رۆژئاوای رووسیا چۆڵ بکەن.
یەکێک لە پارێزگارە خۆجێییەکانی رووسیا دەڵێت، "نزیکەی 28 گوندی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا داگیرکراون، 12 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و هێشتا دۆخەکە سەختە".
دەوترێت ئەم ئۆپەراسیۆنە ورەی سەربازانی ئۆکرانیای بەرزکردۆتەوە، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن ئەو ستراتیژە مەترسی نوێ بۆ ئۆکرانیا دەهێنێتە ئاراوە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی بەریتانیا، به "بی بی سی"ی راگەیاندووە، مۆسکۆ لەوانەیە بەرامبەر هێرشەکە هێنده تووڕە بێت کە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانەکانی ئۆکرانیا دوو هێندە بکات.