سوننەکانی عێراق دەیانەوێت هەرێمێک دروست بکەن؛ هاوشێوەی هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرت

12/08/2024     ژمارەی بینراو 252

راچڵەکین-

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی باس لە زیاد بوونی داواکان بۆ دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە لە عێراق دەکات، بەهۆی گرژییە تائیفیەکان و دابەشبوونی سیاسی بەردەوام کە پێدەچێت نیوەی عێراق لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدڕاڵ جیا بکاتەوە.

ماڵپەڕی "میدیا لاین"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: لە هەفتەکانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بانگەوازەکان بۆ دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە لە عێڕاق زیادی کردووە.

هەروەها دەشڵێت ڕەعەد سلێمان ئەلدولەیمی، کە یەکێکە لە شێخە بەناوبانگەکانی پارێزگای ئەنبار، بەنیازە لە ماگی ئەیلولی داهاتوودا کۆنفرانسێک لە پارێزگای ئەنبار لەسەر ئەم پرسە ساز بکات، پێشبینی دەکرێت زۆرێک لەکەسایەتیە دیارەکانی ئەو پارێزگایانە بەشداربن کە زۆرینەی سوننە لەخۆ دەگرن. وەک(ئەنبار، نەینەوا، دیالە، سەلاحەددین).

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بانگەوازی دامەزراندنی هەرێمێکی فیدراڵی سوننە سەری هەڵداوە، بەتایبەتی لە دوای شەڕی تائیفی ساڵی 2006 ەوە، بەڵام بە هۆی دەستێوەردانی دەرەکی و ناوەکی ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم بزووتنەوە سیاسیە ئێستا بە سەرۆکایەتیی سیاسەتمەداری سوننە سائر ئەلبەیاتی دەکرێت کە پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی خێڵە عەرەبیەکانی بەدەستەوەیە و دامەزرێنەری بەرەی (ڕزگاری)ە، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارانی سوننە لە نێوان لایەنگران و نەیاراندا دابەشبوون.



ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سیاسەتمەدارە سوننیانەی هاوپەیمانی هێزە شیعەکانن یان ئەوانەی کە پەیوەستن بە بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمین، کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، دژی بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمێکی سوننەن.

لە لایەکی دیکەوە باس لەوە کراوە، سیاسەتمەدارانی ئەو هۆزە سوننیانەی کە کاریگەرییەکی زۆریان لە ناوچە سوننەنشینەکان هەیە، یان ئەوانەی سەر بە هۆزە گەورەکانن لە پارێزگا سوننەکان، ڕازین بە بانگەوازی دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە لە عێراق.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر هەرێمی سوننە پێکبهێنرێت، ڕووبەرەکەی 50%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، هەروەها سنوورەکانی لەگەڵ شانشینی سعودیە و ئوردن و سوریادا هاوبەشی دەکات و نزیکەی 11 ملیۆن کەس، واتە نزیکەی چارەکێک لە دانیشتوانی عێراق پێکدێنێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری ئەندامێکی دەستەی ڕێکخەری کۆنفرانسی هەرێمی سوننە، مووەفەق ئەلسلێمان، نووسیویەتی، “ئێمە ئاواتەخوازین بۆ ئازادی، بەو پێیەی لایەنە شیعەکان تا ڕادەیەکی زۆر سوننەکانیان پەراوێز خستووە، مافەکانیان پێ نابەخشن، و کۆنترۆڵی زۆربەی بودجەی پارێزگا شیعەکانیان کردووە”.



بە گوتەی مووەفەق ئەلسلێمان، "نامانەوێت لە عێراق جیا ببینەوە، تەنها هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانمان دەوێت، کە خۆمان ئیدارەی بکەین، هەر چوار پارێزگاکە لەسەر ئەو پرەنسیپە هاوڕان، و تەنها جیاوازی لە وردەکارییەکاندا هەیە. کەسایەتییە نیشتیمانیەکانی سوننە ئەم بانگەوازانە ئاراستە دەکەن و ئێمەش جێبەجێیان دەکەین و هیچ پاڵپشتیەکی دەرەکیمان نییە".

بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری جەعفەر ئەلمەدانی سیاسەتمەداری شیعە مەزهەبەوە ئاماژە بەوە کراوە: هەوڵدان بۆ دروستکردنی هەرێم بە فەرمانی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕوودەدات، ئەوان دەیانەوێت عێراق دابەش بکەن، سوننەکانیش بەو قسەیە ڕازی نابن".

بە گوتەی ئەلمەدانی، "تەنها هەرێمێک هەیە، ئەویش هەرێمی کوردستانە و ئەوانی دیکەش قبوڵ ناکرێن". دەشڵێت" سوننە مافی دەستووریی خۆیان هەیە لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو، ئێمەش ڕێگە بە دامەزراندنی هەرێم نادەین تەنانەت ئەگەر پێویست بە دەستێوەردانی سەربازی بکات”.

لە مادەی 119ی دەستووری عێراق-دا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێگە بە هەر پارێزگایەک یان کۆمەڵێک پارێزگایەک دەدرێت لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە هەرێمی خۆیان دابمەزرێنن، یان لە ڕێگەی داواکارییەک لە سێیەکی ئەندامانی هەر ئەنجوومەنی پارێزگایەکەوە دەتوانرێت هەرێم پێکبهێنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن