راچڵەکین-
ڕەنگە بەرشەلۆنە نەتوانێت گرانترین گرێبەستی هاوینەی خۆی بخاتە لیستی یاریزانانی ژێر سەرپەرشتی هانسی فلیک-ی راهێنەرەوە. چونکە ئاستەنگ هەیە کە ڕێگری دەکات لە تۆمارکردنی یاریزانەکە لە ڕێکخراوی خولی ئیسپانیا.
کێشە و سنوورداربوونی توانای دارایی یانە کەتەلۆنییەکە هێشتا بەرۆکی بەرنەداوە، هەموو ساڵێک لە گواستنەوەی هاوینەدا ئەم تیپە تووشی کێشە دەبێت، ئەمساڵیش، ئەم چیرۆکە دووبارەبووەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ کادیناسێر-ی ئیسپانیا؛ هەرچەندە بەرشەلۆنە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گرانترین گرێبەستی هاوینەی خۆی (دانی ئۆلمۆ) بەفەرمی راگەیاند، بەڵام ڕەنگە نەتوانێت پشت بەو یاریزانە ئیسپانییە ببەستێت بۆ ئەوەی لە لالیگا یاری بکات، لانیکەم بۆ چەند هەفتەی یەکەم.
بە پێی ڕاپۆرتی کادیناسێر؛ سەرەڕای ئەو داهاتەی کە بڕیار بوو بە واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای "ئارامارک" بەدەستبهێنرێت بۆ فرۆشتنی 25%ی مافی خاوەندارێتی یەکێک لە بەشی میدیایی یانەکە، بەڵام بەرشەلۆنە هێشتا پارەکەی پێنەگەشتووە و بەمەش توانای دارایی سنوورداربووە.
کۆمپانیاکە پێویستە 100 ملیۆن یۆرۆ بە بەرشەلۆنە بدات، بەشی یەکەمی ئەو پارەیەی کە 40 ملیۆن یۆرۆیە داوە بەیانەکە، بەڵام 60 ملیۆن یۆرۆی ماوەتەوە کە بڕیاربوو لە مانگی حوزەیراندا یەکلایی بکرێتەوە، کەچی هێشتا ئەو پارەیە نەگەشتوووەتە دەستی بەرشەلۆنە.
بەڵام ئەگەر تەواوی ئەو بڕە پارەیەش بدرێت، بەرشەلۆنە ناتوانێت ناوی ئۆلمۆ لە ڕێکخراوی خولی ئیسپانی تۆمار بکات. بەربەستی سەرەکی ئەو یاسایەیە کە: بەرشەلۆنە دەبێت لە بەرامبەر فرۆشتنی هەر یاریزانێک، تەنها یەک یاریزان بکڕێت؛ بێگومان بە هەمان ئەو نرخەی کە یاریزانەکەی دەفرۆشت.
لە ئێستادا هیچ کام لە یاریزانانی بەرشەلۆنە، کە فرۆشتنیان دەتوانێت بودجەیەکی قبوڵکراو بۆ یانەکە دابین بکات، نیازی ڕۆشتنیان نییە.
فرانکی دیۆنگ و ڕۆناڵد ئاراوخۆ و ڕافینیا، سێ کاندیدی سەرەکی بوون بۆ جێهێشتنی بەرشەلۆنە، یەکەمیان بڕیاری مانەوەی دا، دووەمیان تووشی پێکان بووە و بەهۆی مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە، پێناچێت لە یانەکە بڕوات، و سێیەمیان ڕافینیایە کە پێشنیاری خولی سعودییەی ڕەتکردووەتەوە و ڕوون نییە چ پلانێک لە مێشکیدایە.