راچڵەکین-
وێڕای ئەوەی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند کە عێراق کێشەی پارەی نەختینەی نییە، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە وەزیری داراییش بۆیە ئەم بابەتەی رەتکردەوە، بۆئەوەی شڵەژان دروست نەبێت و خەڵکی نیگەران نەبێت.
رۆژی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دەنگۆی نەبوونی پارەی نەختینە، كە بووەتە هۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە، رایگەیاند، كێشەی لەو جۆرەمان نییە و مانگانەش نزیكەی حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچە خەرجدەكرێت.
لە بەرامبەردا کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە وەزیری داراییش بۆیە ئەم بابەتەی رەتکردەوە، بۆئەوەی شڵەژان دروست نەبێت و خەڵکی نیگەران نەبێت.
وتیشی، عێراق ئەولەوییەت بە وەزارەتەکانی خۆی دەدات و پاش خەرجکردنی پارەی مووچە بەسەر وەزارەتەکانی خۆیدا، دواتر تەمویلی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
روونی کردەوە، ئەوان گەرەنتی پارەی نەختینەیان بۆ مووچەخۆرانی خۆیان کردووە، بەڵام کێشەکە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوە کرد، عێراق داوای پوختەی راژەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا ئێمە پێشتر ئەم داواکارییەمان نەبیستووە و تەنانەت دەکرێت ئەم خواستە مانگی داهاتووش جێبەجێ بکرێت.
پێشتر چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران باسیان لەوە کردبوو، کە کێشە لە وردبینی مووچەدا نییە و بڕیارە بەزوویی مووچەی مانگی تەمموز رەوانەی هەرێم بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 21ی 7، لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەغداد کرا. بەڵام تاوەکو ئێستا پارەی مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوە.