راچڵەکین-
لە کاتێکدا ئیسرائیل چاوەڕوانی هێرشێکی بەرفراوانی ئێران دەکات، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، پابەندبوونی واشنتۆنی بە بەرگریی ئیسرائیل دووپاتکردەوە.
لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا فەرمانی گواستنەوەی ژێردەریایی ئەتۆمیی "یو ئێس ئێس جۆرجیا" و کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و کەشتییەکانی یاوەری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد.
لە هەمان کاتدا باراک ڕەڤید، پەیامنێری ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێی وایە کە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئێران ئاماژەیە بۆ ئامادەکارییەکان بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل.
هەرچەندە ئەم ژێردەریاییە ئەتۆمییە "یو ئێس ئێس جۆرجیا" لە مانگی تەمموزەوە لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدایە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئەمریکا، پنتاگۆن بەدەگمەن بە ئاشکرا جێگیربوونی ئەم چەکانە لە ناوچەکەدا ڕادەگەیەنێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە راپۆرتێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕاگەیاندنی گشتی سەبارەت بە جێگیرکردنی ئەم ژێردەریاییە کارێکی "نائاسایی" بووە.
سوپای ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەی جەنگی و کەشتی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات.
ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 زیاد دەکرێت بۆ سەر گروپی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت" کە لە ئێستاوە لە ناوچەکەدا ئامادەیە.
لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی یەکشەممە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریی دایە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، "هەرکەسێک زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت، بەشێوەیەک تۆڵەی بۆ دەکرێتەوە کە پێشتر نەبینراوە".
هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ئامادە دەکات دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی سیاسی حەماس لە تاران و فەواد شوکر، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا لە بەیروت.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر زۆر جار رایگەیاندبوو کە "ئەمریکا بەرپرسیارە لە کوژرانی هەنیە چونکە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات".