راچڵەکین-
بەپێی ماڵپەڕێکی ئەمریکی، هەواڵگریی ئیسرائیل زانیویانە، ئێران بەشێوەی راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و وادەکەشی لەم هەفتەیەدایە، پێش دەستپێکی دانوستانی غەززە، ئەگەرچی هیوایەکی کەمیش بۆ گۆڕینی بڕیارەکە لەلایەن ئێرانەوە هەیە.
ماڵپەڕی ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دوایین هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئێران ئامادەیە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو کارە بکات.
ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوەی نەناسراو نووسیویەتی، هەڵسەنگاندنێکی نوێی هەواڵگری ئاماژە بەوە دەکات کە دەکرێت هێرشەکە پێش دانوستانی ئاگربەستی غەززە بکرێت، کە بڕیارە پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، هەرچەندە حەماس ڕایگەیاندووە بەشداری دانوستانەکان ناکات.
سەرچاوەیەکی ئەکسیۆس، کە ئاگاداری هەڵسەنگاندنی ئەم دواییەی هەواڵگری ئیسرائیلە، بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە: دۆخەکە هێشتا ناجێگیرە، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی 24 کاتژمێری ڕابردوو ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری.
بەوتەی ناوبراو مشتومڕه ناوخۆییەکان له ئێران بەردەوامە و رەنگه حکومەتی ئێران بڕیارەکەی بگۆڕێت.
ئەکسیۆس نووسیویەتی، هەواڵگری ئیسرائیلیش پێیان وایە؛ سەرەتا حیزبوڵڵای لوبنان هێرش دەکات و دواتر ئێران ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، پێدەچێت هێرشەکانی ئەمجارەی حیزبوڵڵا و ئێران گەورەتر بێت لە هێرشی پێشووی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو شوێنانەی دانیشتوانی مەدەنیشی تێدایە، بکرێنە ئامانج.