راچڵەكین -
بەهۆی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، حزبی سیادە بڕیاریدا محەمەد حافز لە ریزەكانی دەربكات.
حزبی سیادە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، ئاماژەی بەوەكردووە بەهۆی پابەندنەبوونی محەمەد حافز بە بڕیارو رێنماییەكانی حزب و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە، بڕیاردرا لە ریزەكانی حزب دەربكرێت.
حزبی سیادە كە لەلایەن خەمیس خەنجەر-ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە راگەیەندراوەكەیدا، سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بە ناپاك بەرامبەر پێكهاتەی عەرەبی لە كەركوك تۆمەتباركردووە، كە بووە هۆی ئەوەی پۆستی پارێزگاری لەدەستبدەن، راشیگەیاندووە، جگە لە دەركردنی ناوبراو لە ریزەكانی حزب، لە داهاتوودا رێكاری دیكەشی بەرامبەر دەگرنەبەر.
شەوی رابردوو لە بەغدا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام، كۆبووەوەو لەرێگەی دەنگداندا رێبوار تەها بە پارێزگارو محەمەد حافز لە پێكهاتەی عەرەبی بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.