راچڵەکین-
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک ئەلبوکەمال 5 ئەندامی هێزێکی نزیک بە ئێران کوژران.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەیەکی دیکەش لە هێرشەکە بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختە".
دەشڵێت، هێرشەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە کراوە، چەکدارەکان لەناو ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا بوون کە هاتوچۆیان لە نزیک سنووری سووریا و عێراق دەکرد.
هاوکات میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، 6 کوژراو و 15 بریندار لە هێرشەکەدا هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندرا کە بنکەی "خەراب ئەلجیر" لە شاری حەسەکە کە ژمارەیەک هێزی ئەمریکی تێیدا جێگیرن، بە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەک لە سوریا، چەند کارمەندێکی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعش برینداربوون.
ئەمە دووەم هێرش بوو بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.