کوردێک سکاڵا لە ئیلۆن مەسک دەکات

هەمەڕەنگ

11/08/2024     ژمارەی بینراو 344

راچڵەکین-

ئومێد کوردستانی، ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی تویتەر، سکاڵای لەسەر ئیلۆن مەسک تۆمارکرد بەهۆی پێنەدانی مووچەکەی کە 20 ملیۆن دۆلارە.

ئومێد کوردستانی، ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی تویتەر، لەم دواییانەدا سکاڵای لەسەر ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای تویتەر تۆمارکرد، کە ئێستا ناوەکەی بۆ "ئێکس" گۆڕاوە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە مووچەکەی نەداوە کە لە شێوەی پشکدا بووە؛ بەپێی ئەم سکاڵایە کۆمپانیای ئێکس ئامادەنەبووە کۆی بەهای پشکەکانی ئومێد کوردستانی بدات.

ئومێد کوردستانی، کە ڕەچەڵەکی کورد بووە و لە تاران لەدایکبووە، دواتر رووی لە ئەمریکا کردووە، یازدەهەمین کارمەندی کۆمپانیای گۆگڵ و یەکەم بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی بازرگانی کۆمپانیاکە بوو.

کوردستانی هاوکاری گۆگڵی کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی یەک ساڵدا 70 ملیار دۆلار قازانج بەدەستبهێنێت و ئەم هۆکارەش وایکرد دەستەی بەڕێوەبەری تویتەر داوا لە "کوردستانی" بکات لە ساڵی 2015 ببێتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە.

ئەو داوایەی پارێزەرانی کوردستان تۆماریان کردووە، باس لەوە دەکەن کە کوردستانی، کارە پڕداهاتەکەی خۆی لە گوگڵ بەجێهێشتووە و پەیوەندی بە تویتەرەوە کردووە، کە تویتەر تەنیا 50 هەزار دۆلاری پێشکەش کراوە، کە زۆر کەمترە لە گووگڵ؛ بەڵام لەبری ئەوە، کوردستانی و کارمەندە سەرەکییەکانی دیکەی کۆمپانیاکە دەبوو پشکێکی سنوورداریان لەسەر بنەمای ئەدای کارکردنیان پێبدرێت.

بەگوێرەی گرێبەستەکە، ئەو بڕە پارانە کە بڕی 20 ملیۆن و 112 هەزار دۆلار بووە، بڕیار بوو لە ماوەی پێنج ڕۆژدا دوای کڕینی تویتەر لەلایەن ماسکەوە بدرێتە کارمەندە باڵاکانی تویتەر؛ بەڵام کۆمپانیای ئێکس ڕەتیکردەوە ئەو کارە بکات.

لە سکاڵاکەی کوردستانی لە دادگای باڵای کالیفۆرنیا باس لەوە کراوە کە کۆمپانیای ئێکس بە نیازە کەڵک لە خزمەتی حەوت ساڵەی کوردستانی بۆ تویتەر وەربگرێت؛ بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەکی پێبدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن