زیلینسکی مەترسیدارترین بڕیاری دەرکرد

جیهان

11/08/2024     ژمارەی بینراو 7968

راچڵەکین-

رۆژنامەی زە تایمز بڵاویکردەوە، هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر ناو خاکی رووسیا، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا بەمەترسیدارترین بڕیاری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دادەنرێت. ئۆکرانیا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەک لە رووسیا کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی تێدایە.

ئاژانسی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای لە ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد کە "زۆرترین خۆگرتن"یان هەبێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی شەڕەکان لە وێستگەی ئەتۆمی کورسک نزیک دەبنەوە - کە یەکێکە لە گەورەترین وێستگەکانی ئەتۆمی لە ڕووسیا.

ماوەی چەند رۆژێکە، هەزاران سەربازی ئۆکرانی رۆشتوونەتە ناو خاکی رووسیاوە. تایمز دەڵێت ئەم هێرشە جیهانی سەرسام کردووە.

لە وتارێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بۆ یەکەمجار پشتڕاستیکردەوە کە سوپای وڵاتەکەی سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرییە لە "کورسک" لە ڕۆژئاوای ڕووسیا و ئێستاش سوپای ئۆکرانیا شەڕەکەی بردۆتە ناو "خاکی وڵاتی دەستدرێژکارەوە".

هێرشەکە ماوەی چەندین مانگ بەنهێنی پلانی بۆ دارێژرابووە و رووسیای غافڵگیر کردووە.

لە نێوان 6 هەزار تا 10 هەزار سەربازی ئۆکرانی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە دیاریکراوە.

ئەم لەشکرکێشییە زەمینییەی ئۆکرانیا، "ترسی" رۆژئاوای لە وەڵامی توندی رووسیا زیاتر کردووە.

تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکردایەتی سەربازی ئۆکرانیا ئامادەیە سەرباز و کەرەستەی بەنرخ بخاتە مەترسییەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەم ئاراستەیەدا.

لە شاری کورسک هێزەکانی ئۆکرانیا هێڵێکی نوێی 30 کیلۆمەترییان دامەزراندووە. پێدەچێت هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی دیکەوە بنێردرێن بۆ ئەم ناوچەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پێشڕەوییە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تاس-ی ڕووسی، تا ئێستا زیاتر لە 76 هەزار کەس ئەم ناوچەیە سنوورییەیان بەجێهێشتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن