ئاسایش "شێخ هاروون" دەستگیر دەكات

کوردستان

10/08/2024     ژمارەی بینراو 1767

راچڵەكین -

ئاسایشی سۆران دەستگیركردنی كەسێكی فێڵباز بەناوی (شێخ هاروون) رادەگەیەنێت، كە بەناوی سحرو نوشتەو جادوو، فێڵی لەچەندین كەس كردووە.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە هەردوو بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران و رواندز بڵاویانكردووەتەوە، تێیدا هاتووە، دوای هەبوونی زانیاری لەسەر كەسێكی فێلباز بەناوی (سحرو جادووی شێخ هاروون بەگرنتی) لە دەرەوەی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رواندز دێتە ئەو سنورە، بە ناوی سحرو نوشتەو جادوو فێڵ لە خەڵكی دەكات، لەلایەن كارمەندانی سنوری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی رواندز دوای دانانی بەرنامەیەكی  تۆكمە و چاودێریكردنی وورد، لە رێكەوتی ٢٠٢٤/٨/١ توانیان كەسێك دەستگیر بكەن بەناوی (ن. ع.س) كە لە دەرەوەی سنوری قەزای رواندز هاتبوو بۆ فێڵكردن لە هاووڵاتیان.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، تۆمەتبارەكە دانی بەوەدانا كە خۆی كردووە بە شێخ ئەكاونتی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سناپ چات و تیك تۆك بەناوی (شێخ هاروون) داناوەو ماوەی نزیكەی دوو ساڵە فێڵ لە خەڵك دەكات بەناوی سحرو جادوو لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتان، فێڵی لەزۆر خەڵك لە شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
 
هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران و رواندز داوایان لە هاوولاتیان كردووە، خۆیان بپارێزن لەو ئەكاونت و سناپ چات و تیك تۆك-ەی بە ناوی نوشتەو سحر و جادوو كراوەتەوە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن