راچڵەکین-
دەیڤید دی خیا کە زیاتر لە ساڵێک بوو بەبێ یانە بوو، ئێستا لە لێواری گەڕانەوەدایە بۆ یاریگای تۆپی پێ و دەچێتە خولی ئیتاڵیا.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئیتاڵی و شارەزای گواستنەوەی تۆپی پێی ئەوروپی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند؛ دی خیای تەمەن 33 ساڵ لەگەڵ فیۆرێنتینا گەیشتە ڕێککەوتن.
گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە بە گرێبەستێکی ساڵێک پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات و بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ ماوەی ساڵێکیش هەیە.
دی خیا کە هاوینی ڕابردوو بە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی کۆتایی بە مانەوەی 12 ساڵەی لەگەڵ مانچستەر یونایتد هێنا و وەرزی ڕابردووش بێ تیپ بوو.هاوکات لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرنگی بە جێنەوا دەدا کە یەکێکی دیکەیە لە تیپەکانی سێریا ئەی ئیتاڵیا.
پێشتر بڵاوکراوەی "ئەتلەتیک"ی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، ئەم گۆڵپارێزە ئیسپانییە لەم هاوینەدا ئۆفەرێکی لە یانەیەکی پرێمەرلیگ وەرگرتووە، بەڵام نایەوێت بگەڕێتەوە ئینگلتەرا.
دەیڤد دی خیا لە ساڵی 2011 لە تەمەنی 21 ساڵیدا لە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە کرد و گرێبەستەکەی بە بڕی 18.9 ملیۆن پاوەن بوو. لەگەڵ ئەم تیپەشدا هەشت پاڵەوانێتی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەدەستهێنا، لەوانە پاڵەوانێتییەک لە خولی ئینگلیزی و یەک پاڵەوانێتی لە یۆرۆپالیگ. دوو جار خەڵاتی دەستکێشی زێڕینی پریمەرلیگی بەدەستهێناوە و چوار جاریش خەڵاتی سێر مات بوسبی وەک باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی شەیتانە سوورەکان بەدەستهێناوە.