بۆچی مووچەی مانگی حەوت نەنێردراوە؟

ئابوری

09/08/2024     ژمارەی بینراو 495

راچڵەکین-

غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، پەیوندییان بە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێڕاقەوە کردووە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ مووچەی ھەرێم کە ناردنی لەلایەن بەغداوە دواکەوتووە.

دەشڵێت، پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختیکردووەتەوە، بەھیچ شێوەیەک لە بانکی ناوەندی کێشەی پارەی نەختینەیان نییە.

بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، ھۆکاری نەناردنی موچە ئاڵۆزی لیستی مووچە و بە بانکیکردنی مووچە و چەند پرسێکی ترە.

پێشتر باس لەوە دەکرا کێشە لە وردبینی مووچەدا نییە و ئەگەری هەیە بەزوویی مووچە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم بکرێت.

رۆژی یەکشەممە 21ی 7، لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەغداد کرا.

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردبوو، لیستی مووچەی خانەنشینان بەهاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕەوانە کراوە.

بەراورد بە مانگەکانی رابردوو حکومەتی هەرێم زووتر لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی ئامادەکرد و ئاڕاستەی بەغدای کرد، بەڵام هێشتا دارایی عیراق مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی نەناردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن