چارەنووسی پارەی گەنمی جووتیاران چی لێهات؟

کشتوکاڵ

08/08/2024     ژمارەی بینراو 822

راچڵەکین-

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پارەی تەرخانکراو بۆ کڕینی گەنمی جوتیاران بەشی هەرێمی نەکردووە، بۆیە داوام لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە ئەو بڕە پارەی کە پێویستە بۆ گەنمی وەرگیراوی جوتیارانی هەرێم بۆمان تەرخان بکات.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆ ئەمساڵ کەمترین بڕی سەرفکراوەو دواکەوتووە، جوتیاران نیگەرانن و داوای پارەکانیان دەکەن.

دەشڵێت، پاش بەدواداچون لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق دەرکەوت ئەو پارەی کە تەرخان کرابوو بۆ کڕینەوەی گەنمی ئەمساڵ تەواوبووەو بەشی ئەو پارێزگایانەی نەکردووە کە دروێنەو وەرگرتنی گەنمیان کەوتە کۆتایی، ئەوانیش پارێزگاکانی هەرێم و بەشێکی موسڵ و کەرکوکە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕی یەک ترلیۆن دیناری دیکە پێویستە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەری ئەم بابەتەش داوام لەسەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە ئەو بڕە پارەی کە پێویستە بۆ گەنمی وەرگیراوی جوتیارانی هەرێم تەرخانی بکات.

جێی ئاماژەیە، بۆ ئەمساڵ حكومەتی عێراق بڕی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی  وەرگرتووە، هەر تۆنێكیش بە 850 هەزار دینار وەردەگیردرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن