راچڵەكین -
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی نیشتەجێی كەمپەكانی سنووری پارێزگای هەولێری بۆ زێدی خۆیان راگەیاند.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی پلانەكانی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی سەرجەم كەمپی ئاوارەكان، هەزارو 577 ئاوارەی نیشتەجێی كەمپەكانی خازر، هەرشەم، حەسەن و بەحركە، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە سنووری هەردوو پارێزگای نەینەواو سەڵاحەدین.
لە راگەیەندراوەەكدا هاتووە، ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەران، تیمەكانی وەزارەتەكەی راسپاردووە بە دابەشكردنی هاوكاری دارایی (چوار ملیۆن دینار) و كەلوپەلی ناوماڵ و خۆراك بەسەر خێزانە گەڕاوەكان، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە تۆماركردنی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە خواستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان هەیە، لەلایەن تیمەكانی وەزارەتی كۆچبەرانەوە بەردوامە بەئامانجی داخستنی دۆسیەی ئاوارەكان و داخستنی سەرجەم كەمپەكان.