راچڵەکین-
پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیرکردووە، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە چەند ژنێک کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە چاودێری خرایە سەر ئەم کەسە، بەگومانی ئەوەی كە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لەژنان دەكات.
پۆلیس دەڵێت، پاش لێكۆڵینەوەكان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن یەکێک لەژنەکانەوە كە لە بەرامبەر پێدانی بڕێك پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێكردووە، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر موبایلی تایبەتی تۆمەتباردا.
بەوتەی پۆلیس، لە ئێستادا تۆمەتبار (م، ع، س) لەدایكبووی 1974 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 2 لەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوەو دانی ناوە بەوەدا کە لەژێر ناوی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی پەیوەندی لەگەڵ چەند ژنێک دروستكردووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێكردون، ئەگەر پارەو ئاڵتونی نەدەنێ.