یەحیا سینوار کێیە؟

ڕاپۆرت

07/08/2024     ژمارەی بینراو 714

راچڵەکین-

حەماس ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە یەحیا سینوار وەک بەرپرسی نوێی نووسینگەی سیاسی ئەو گرووپە لە شوێنی ئیسماعیل هەنیە دەستنیشان کراوە. سینوار بە سەرکردەی سەرەکی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت کە دەوترێت هێشتا لە غەززەیە.

بەگوتەی رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت، تەنیا بازنەیەکی زۆر سنوورداری دوو سێ کەسیی شوێنی سینوار دەزانن و پێداویستییەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس دابین دەکەن.

شرۆڤەکاران سینوار بە پەیوەندیدەری سەرەکیی نێوان فەرمانگەی سیاسی و باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دەزانن، کە لیواکانی عیزەدین قەسامە، و بەرپرسی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بوو بۆ سەر ئیسرائیل.

ئیسرائیل، یەحیا سینوار و چەند کەسێکی دیکە بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەزار و 200 کەس کوژراون و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش ڕفێنراون.



لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، دانیال هاگاری، وتەبێژی ئیسرائیل ڕایگەیاند "یەحیا سینوار فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکە، پیاوێکی مردووە".

 

هەروەها هیرزل لیڤی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیل وتی: ئەم هێرشە بە بڕیاری یەحیا سینوار ئەنجام دراوە.  هەر بۆیە ئەو و هەموو ژێردەستەکانی مردووی گەڕۆکن".

رابردووی یەحیا سینوار

ئیسرائیل پێی وایە سینوار کە بە کردەوە دوای ئیسماعیل هانیە دووەم سەرکردەی حەماسە، "لە ژێر زەویدا گیری خواردووە و لەگەڵ پاسەوانەکانیدا لە شوێنێک لە تونێلەکانی ژێر غەززە خۆی حەشارداوە و لە ترسی ئەوەی شوێنپێی بکەوێت و ئاشکرای بکات، پەیوەندی لەگەڵ کەسدا نییە".

یەحیا سینوار، تەمەن 61 ساڵە کە بە نازناوی ئەبو ئیبراهیم ناسراوە، لە کەمپی پەنابەرانی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە لەدایکبووە، بەڵام دوای ئەوەی فەلەستینییەکان لە ماڵی باوباپیرانیان لە فەلەستین ئاوارە بوون - کە ناوی خۆیان دەبەن "نەکبە"، ناچار بوون شارەکەیان بەجێبهێڵن.  ئەم کۆچکردنە زۆرەملێیە دوای ئەو شەڕە ڕوویدا کە بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948دا سەریهەڵدا.

لە خان یونس چووە قوتابخانە و دوای ئەوە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامی غەززە بەدەستهێناوە.

ئیهود یاری، توێژەر لە "پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک" کە چوار جار لە زیندان چاوپێکەوتنی لەگەڵ سینوار ئەنجامداوە، دەڵێت لەو کاتەدا خان یونس یەکێک بووە لە بنکە سەرەکییەکانی پشتیوانی لە ئیخوان موسلیمین.



کەوتنە زیندانی ئیسرائیل

ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1982 لە تەمەنی 19 ساڵی بە تاوانی "چالاکی ئیسلامی" دەستگیریکرد و دواتر لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە. هەر لەو ماوەیەدا بوو کە توانی متمانەی شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری حەماس بەدەست بهێنێت.

دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی حەماس لە ساڵی 1987، سینوار ڕێکخراوی ئاسایشی ناوخۆی حەماس-ی بە ناوی "ئەلمەجد" پێکهێنا. لەو کاتەدا تەمەنی تەنها 25 ساڵ بوو.

لە ساڵی 1988دا باس لەوە کرا کە سینوەر پلانی بۆ ڕفاندن و کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیل دانابوو.  هەر لەو ساڵەدا دەستبەسەر کرا و تۆمەتی کوشتنی 12 کەس خرایە پاڵ و لە ئیسرائیل دادگایی کرا و زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

لە نێوان ساڵانی 1988 بۆ 2011، سێنوار بۆ ماوەی زیاتر لە 22 ساڵ لە ئیسرائیل زیندانی کراوە. لە ماوەی زیندانیکردنیدا شارەزای زمانی عیبری بوو، دەیتوانی ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل بخوێنێتەوە.

ئیهود یاری-ی توێژەر کە لە زیندان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە، دەڵێت لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا سینوار پێی وتووە کە دەبێت ئیسرائیل لەناوببرێت و جەختی لەوە کردەوە کە شوێنێک بۆ جولەکەکان لە فەلەستین نییە.  بە گوتەی یاری، "بە گاڵتەجاڕیەوە وتی، 'ڕەنگە ئێمە تۆ هەڵاوێرد بکەین'".

سینوار لە دوای دەرچوون لە زیندان

سینوار لە ساڵی 2011 لە کاتی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ئازاد کرا. لەو ئاڵوگۆڕەدا، 1027 زیندانی عەرەبی فەلەستینی و ئیسرائیلی لە بەرامبەر یەک بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کران کە ئەویش گیلاد شەلیت سەربازێکی سوپای ئیسرائیلە.

کاتێک سینوار لە زیندان ئازاد کرا، ئیسرائیل کۆتایی بە داگیرکارییەکانی کەرتی غەززە هێنابوو و حەماسیش دوای ململانێی ناوخۆیی لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح کە گرووپێکی ڕکابەرە لە کەرتی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی فەلەستین، بەرپرسی ئەو وڵاتە بوو.



ساڵی 2013 بە ئەندامی ئۆفیسی سیاسی حەماس لە کەرتی غەززە هەڵبژێردرا و دوای چوار ساڵ بوو بە بەرپرسی ئەم نووسینگەیە.

لە ساڵی 2015 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی یەحیا سینواری خستە لیستی "تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان". لە مانگی ئایاری ساڵی 2021، ماڵ و ئۆفیسەکەی کرایە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. لە مانگی نیسانی 2022 لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا داوای لە خەڵک کرد بە هەموو شێوەیەک هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.



پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران

دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، هەواڵەکان بڵاوکرانەوە کە سینوار دژایەتی هەڵبژاردنی خالید مەشعەل بوو بۆ جێگرتنەوەی هەنیە و داوای هەڵبژاردنی کەسێکی دیکەی کرد کە پەیوەندییەکی نزیکتر و باشتری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت.

سینوار وا دەناسرێت کە زۆر لە ئێرانەوە نزیکە. هاوپەیمانی نێوان دەوڵەتێکی شیعە و گرووپێکی عەرەبی سوننە ڕووداوێکی باو نییە، هەردووکیان هەمان ئامانجیان هەیە، ئەویش "کۆتاییهێنانە بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و "رزگارکردنی" قودس لە داگیرکاری ئیسرائیل".

ئێران پارەی حەماس دەدات و مەشقیان پێدەکات و چەکیان دەکات. یارمەتی ئەو گروپە دەدات توانای سەربازی خۆی زیاد بکات و جبەخانەی هەزاران مووشەکی دروست بکات بۆ بە ئامانجگرتنی شارەکانی ئیسرائیل.

سینوار لە ساڵی 2021دا بەم شێوەیە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئێران دەربڕی و وتی: ئەگەر ئێران نەبوایە بەرخۆدانی فەلەستین تا ئەم ڕادەیە نەیدەتوانی.

زۆرێک لە دامەزراوەکانی ئاسایش و بەرگری ئیسرائیل پێیان وایە ئازادکردنی سینوەر لە کاتی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان هەڵەیەکی کوشندە بووە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن