زانیاری نوێ لەبارەی هەمواركردنی یاسای لێبوردنی گشتی

عێراق

04/08/2024     ژمارەی بینراو 299

راچڵەكین -

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی كرد، پەرلەمانتارێكی كوردیش ئاشكرایدەكات، لێبوردنەكە بەمەرجی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتییەو بەهیچ شێوەیەكیش هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی خۆیدا، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی كرد، لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆیاساكە، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: هەموارەكە یەك ماددەیە ئەویش زیادكردنی پێناسەی تاوانی ئینتمایە بۆ گروپە تیرۆریستییەكان لە مادەی (٤) بڕگەی دووەم.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشكرد، یاساكە 16 مادەیە، 13 تاوان بەدەركراوە لەوەی لێبوردنی گشتی بیگرێتەوە، یاساكەش بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، بەمەرجی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتییە، كە لەعیراقدا هەزاران كەس لە سوننە بەناوی تیرۆرەوە حوكمدراون، كە غەدرێكی گەورەیەو شیعە ڕێگرە لەیاسای لێبوردنی گشتی.

هەر لەبارەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، كاروان یاروەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆ، سووننەكان شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەكەن كە ئەو كەسانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ رێكخراوە تیرۆریستیەكاندا گیراون، ئازاد بكرێن.

وتیشی:" لەبەرامبەردا شیعەكانیش شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای یاری كەسێتی دەكەن، كە رێگە دەدات بە هاوسەرگیریی پێشوەختە و مەزهەبگەرایی تووندتر دەكاتەوە".
 
بەوتەی كاروان یاروەیس، هەردوو پڕۆژە هەموارەكە كاریگەری نەرێنی زیاترە تا ئەرێنی و عیراق تووشی جۆرێك لە ئیحراجی دەكات و پەیوەندی بەكوردەوە نییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن