راچڵەکین-
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کە فڕۆکەیەکی جۆری لوفتانزا کە لە میونشنەوە بەرەو تەلئەبیب دەڕوات، بەیانی پێنجشەممە لە فڕۆکەخانەی لارناکا لە قوبرس وەستاوە، بەڵام بەبێ ئەوەی بەردەوام بێت بۆ تەلئەبیب گەڕاوەتەوە میونشن.
بە گوتەی رۆژانمەی یەدیعوت ئاحارنوت-ی ئیسرائیلی، "ئۆپەراسیۆنی ئەمنی" لە سنووری ناوچەکەدا هۆکاری خۆپارێزی فڕۆکەوانەکە بووە لە گەڕاندنەوەی فڕۆکەکە بۆ میونشن.
کۆمپانیای لوفتانزا ڕایگەیاند، گەشتێکی دیکە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەلئەبیبەوە بۆ میونشن ئەنجام بدرێت، هەڵوەشایەوە.
هەروەها بەپێی ڕادیۆی کان، کۆمپانیای ئیماراتی "دوبەی فلای" دوو گەشتەکەی لەسەر ڕێگای تەلئەبیب - دوبەی بۆ ڕۆژی پێنجشەممە هەڵوەشاندەوە.
پێگەی ئابوری "دی مارکەر"ی سەر بە ڕۆژنامەی هارتز-ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دوای کوژرانی فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئامانجدار لەلایەن سوپای ئیسرائیل لە گەڕەکی بەیروت و کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، دوو هێڵی ئاسمانی ئەمریکی، هێڵی ئاسمانی دێڵتا و هێڵی ئاسمانی یونایتد و هەروەها هێڵی ئاسمانی بەریتانی گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل ڕاگرت.