راچڵەکین-
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی شارەزای ئێرانی بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، فەرمانی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد کە لە وەڵامی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، شارەکانی حەیفا و تەلئەبیب لە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دەکرێنە ئامانج.
بە پێی ئەم بڵاوکراوە ئەمریکییە، بە گێڕانەوە لە سێ بەرپرسی ئێران کە دووانیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بوون، ئەم فەرمانە لە لایەن ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی فەرمی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران هات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، بە پێی فەرمانی خامنەیی، ئێران بە هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەوڵ دەدات شارەکانی تەلئەبیب و حەیفا بکاتە ئامانج.
هەر لەو پێوەندەدا، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئێران بیر لە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە ئێران، سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، خەلیل ئەلحەیە، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی حەماس لە میانەی وتارێکدا لە تاران، هەڵوێستی حیزبوڵڵا، حوسییەکان و میلیشیا عێراقییەکانی بەرز نرخاند و وتی: تۆڵەکردنەوەی کوژرانی هەنیە بۆ ئەلقەسام و ئێران جێدەهێڵین.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو سەرکردەکانی حەماس درێژە بە ڕێبازی هەنیە دەدەن. وتیشی:" حەماس و ئێران شەڕێکی ناوچەییان ناوێت، بەڵام دەبێت وەڵامی تیرۆرکردنی هەنیە بدرێتەوە".