راچڵەکین-
لە کاتێکدا وردەکارییەکانی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران وردەوردە دەردەکەون، کاریگەرییە سیاسییەکانی ئەم پێشهاتەش تا دێت زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
دیارترین دەرئەنجامی کوژرانی سەرکردەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لە کاتێکدا جەنگی غەززە بەردەوامە و دانوستانەکانیش بۆ گەیشتن بەئاگربەست هەروا، زیانگەیاندنە بەهەوڵەکان بۆ گەیشتن بەئاگربەست لە کەرتی غەززە.
ڕەنگە ئیسماعیل هەنیە ڕۆڵێکی لە ڕووداوەکانی ڕۆژانەی غەززەدا نەبینیبێت- ئەوە لە ئەستۆی یەحیا سەنوەر، فەرماندەی لقی سەربازییە- بەڵام هەنیە وەک سەرۆکی حەماس لە دەرەوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دانوستانەکان، کە بە نێوەندگیری قەتەر و ئەمریکا و میسر بوون.
بەرپرسانی ئەمەریکا لەم دواییانەدا ڕایانگەیاندبوو کە دەکرێت بەم زووانە دانوستانەکانی ئاگربەست کۆتایی پێبێت، هەرچەندە کۆبوونەوەیەک کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ڕۆما بەڕێوەچوو هیچ پێشکەوتنێکی نەبوو.
بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسی زۆر ئەستەمە کە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە هیچ پێشکەوتنێک لەم دانوستانانەدا بەدی بێت. حەماس بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوە.
لە دوایین ڕاپرسیدا دەرکەوتبوو، کە ئیسماعیل هەنیە بە شێوەیەکی بەرچاو لە مەحمود عەباس(سەرکردەی فەڵەستین) پێگەی جەماوەریی زیاتر بووە.
کاتی کوشتنی هەنیە ئەوە دەردەخات کە ئەمە بەشێک بووە لە تۆڵەسەندنەوەیەکی فراوانتری ئیسرائیل بۆ هێرشێکی مووشەکی ڕۆژی شەممە کە تێیدا 12 منداڵ و گەنجی دروزی لە بەرزاییەکانی جۆلان کوژران. هاوکاتیش فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵاش لە لوبنان کوژرا. ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی سەختی کردبوو.
ئیسماعیل هەنیە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە تاران کوژرا، کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان چووبووە ئێران.
ئیسماعیل هەنیە تەمەن 62 ساڵ، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەندامێکی دیاری بزووتنەوەی حەماس بووە.