راچڵەكین -
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان كۆدەبێتەوەو چەند رێنمایی و راسپاردەیەكیش ئاڕاستەی یەكە سەربازی و ئەمنییەكان دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەگەڵ فەرماندە باڵا ئەمنی و سەربازییەكان كۆبووەوە، كۆبوونەوەكەش لەدوای هێرشە ئاسمانییەكەی شەوی رابردوو دێت كە بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەناوچەی جەرف سەخر-ی باكووری پارێزگای بابل كردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیك كوژراوو برینداری لەریزەكانی حەشدی شەعبی لێكەوتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا، سوودانی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەكان، دۆخی ئەمنی ناوخۆی عیراق و ناوچەكەیان تاووتوێكردو ژمارەیەك راسپاردەو رێنماییش بۆ سەرجەم هێزە چەكدارەكان دەركرا.