راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی دزیوەو بەڵگەنامەی ساختەشی بەكارهێناوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان كە چەندین حاڵەتی دزیكردن روویداوە، تیمەكانی پۆلیس لە بەشی نەهێشتنی تاوان، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردو توانییان شوێنی تۆمەتبارەكە دەستنیشان بكەن و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر، دەستگیركرا.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، تۆمەتبارەكە حەوت ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری دزیوەو چەندین ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و كۆمەڵێك پارە و چەندین بەڵگەنامەی دیكەشی ساختە كردووە و بەكاریهێناوە لەگەڵ چەكی بێمۆڵەت.
تۆمەتبارەكە لەمیانی لێكۆڵینەوەدا دانیناوە بە تاوانە جۆروجۆرەكاندا و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.