نوێترین زانیاری لەسەر کێشەی خانەنشینانی هێزەکانی 70

ئابوری

30/07/2024     ژمارەی بینراو 377

راچڵەکین-

ناوی خانەنشینانی ھێزەکانی ٧٠ خرایەسەر خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە و لەدوای وردبینی، ناوەکان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێن.

ئەمڕۆ فەتحوڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی ھێزەکانی ٧٠ بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاند، کۆی خانەنشینانی ھێزەکانی ٧٠ بە فەرمانێکی وزاری وەزارەتی پێشمەرگە ناوەکانیان خراوەتەسەر خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە و لەدوای وردبینی لە ناوەکانیان، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێن.

وتیشی، چاوەڕێی تەواوبوونی ڕێکارەکانن بۆ ئەوەی ناوی ئەو خانەنشینانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێن و وەکو سەرجەم خانەنشینان مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەرگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی دەستەی خانەنشینی لە هەرێم، پێشتر خانەنشینانی هێزەکانی 70 لەسەر هێزەکە دەمانەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی جیبەجێکردنی یاسای چاکسازی پێویستە دەستەی خانەنشینی هەرێم پێکبدهێندرێت و سەرجەم خانەنشینانی هێزەکان بخرێنە سەر ئەو دەستەیە، بەڵام هەتا دەستەکە پێکدەهێنرێت خانەنشینانی هێز و یەکەکان دەخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەرێم کە سەر بە وەزارەتی داراییە.

پێشتر خانەنشینانی هێزەکانی 70 و 80 کێشەیان لە پێدانی مووچەکانیان بۆ دروست بووبوو، بەهۆیەوە دوو مانگ مووچەیان پێنەدرا و بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێمیش بێت ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆ خانەنشینانی هێزەکانی 70 و 80 هاتووە کورتهێنانی هەبووە و نەتواندراوە مووچەی دوو مانگیان بەسەریەکەوە بۆ خەرج بکرێت، بۆ ئەمەش حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ ئەو کورتهێنانەی پڕکردووتەوە و مووچەی مانگەکانی 5 و 6ـی پێداون.

ژمارەی ئەو خانەنشینانە نزیکەی 10 هەزار کەسە مووچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن