بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق بەڕێژەی 40 لەسەدا زیادی کردووە

عێراق

30/07/2024     ژمارەی بینراو 183

راچڵەکین-

وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەرھەمھێنانی کارەبامان لە ١٩ ھەزار مێگاواتەوە بۆ ٢٧ ھەزار مێگاوات زیادیکردووە. دەشڵێت، بەڵام سەرەڕای ئەمە هێشتا رووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە بەتایبەت لە کەرتی دابەشکردن.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ڕۆژی دووشەممە زیاد عەلی فازڵ لە لە میانی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی کارەبا لە نەجەف گوتوویەتی: "توانیومانە لەمساڵدا ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا بەڕێژەی ٤٠ لەسەدا زیاد بکەین".

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزیری کارەبای عێراق ھەروەھا ڕایگەیاندووە کە بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق لە ١٩ ھەزار مێگاواتەوە بۆ ٢٧ ھەزار مێگاوات زیادیکردووە و گوتوویەتی: "ھەوڵی زیاترمان داوە بۆ رێکخستنەوەی کەرتی کارەبا لەوانەیش بەرھەمھێنان، گواستنەوە و دابەشکردن، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار گرێبەستێکی چاککردنەوەی درێژخایەن بۆ چاككردنەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق لەگەڵ ژمارەیەك کۆمپانیای نێودەوڵەتی کراوە".

زیاد عەلی فازڵ باسی لەوەش کردووە کە سەرباری ھەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا، بەڵام ئەم ھاوینە رووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە بەتایبەت لە کەرتی دابەشکردن.

حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە ٣٠ ھەزار مێگاوات ھەیە، بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە، ٢٧ ھەزار مێگاوات بەرھەمدەھێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن