دەستدرێژی سێــ.کسی بۆ سەر زیندانییە فەڵەستینییەکان لە ئیسرائیل

ڕاپۆرت

30/07/2024     ژمارەی بینراو 1086

راچڵەکین-

لە ئیسرائیل ژمارەیەک سەرباز بەهۆی ئەوەی دەستدرێژی سێکسییان بەرامبەر بە زیندانییە فەڵەستینییەکان ئەنجامداوە، دەستگیرکراون. بەڵام ژمارەیەک ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیلی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو سەربازگەیەی کە سەربازە ئیسرائیلییە تاوانبارەکانی تێدایە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنیان.

میدیا ناوخۆییەکان لە ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، کە لانیکەم نۆ سەرباز لەم سەربازگەیەدا تۆمەتبار کراون بە دەستدرێژی سێکسی توند بەرامبەر بە زیندانییەکی فەلەستینی.

باس لەوەش کراوە کە ئەم زیندانییە بەهۆی سەختی برینەکانی کۆمەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەو زیندانییە فەڵەستینییانەی لەو ناوەندە ئیسرائیلییە دەستگیرکراون و ناوی "سیدی تەیمان"ە، زۆربەیان ئەو فەڵەستینییانەن کە لە غەززە دەستگیرکراون.



دەوترێت ئەو زیندانییەشی کە ئەشکەنجە و هەراسان کراوە لە غەززە بە دیل گیراوە و تۆمەتبار کراوە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە توندی ئەم ڕووداوەی ئیدانە کردووە.

خۆپیشاندەران لە دەرەوەی سەربازگەکە کۆبوونەوە بۆ پشتیوانی لەو سەربازانەی کە تۆمەتبار بوون بە خراپ مامەڵەکردن و هەراسانکردنی زیندانییەکی فەلەستینی.



ئیسرائیل دەڵێت لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە سەبارەت بە تۆمەتەکانی مامەڵەی خراپ و دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ فەلەستینییە دەستبەسەرکراوەکان.

ماوەی چەند مانگێکە هەواڵی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیانی فەلەستینی لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی "سدی تیمان" لە نزیک بێرشەبا لە باشووری ئیسرائیل بڵاودەبێتەوە.

دوای هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، سوپای ئیسرائیل پەیوەندی بە هێزە یەدەگەکانی خۆیەوە کرد بۆ هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر غەززە.

دوێنێش باس لەوە کرا کە دەیان خۆپیشاندەر لە نێویاندا نوێنەرانی ڕاستڕەوی توندڕەوی حکومەتی هاوپەیمانی بنیامین ناتانیاهۆ لە بەردەم ناوەندی دەستبەسەرکردنی سێدی تیمان کۆبوونەتەوە.

هەندێکیان هەوڵیان دەدا بەسەر سیاجەکەی ئەم دەستبەسەرگەییە سەربازییەدا سەرکەون و بە دەروازەی چوونە ژوورەوەی سەربازگەکەدا تێپەڕین و هەندێکیشیان دروشمی "دۆستەکانمان بەجێناهێڵین، بەهۆی تیرۆریستانەوە"یان دەوتەوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یۆئاڤ گالانت ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە هەڵسوکەوتی سەربازەکان بەردەوام دەبن و جەختیشی لەوە کردەوە کە "تەنانەت لە کاتی توڕەییدا یاساکە هەموو کەسێک دەگرێتەوە".

بەڵام بەشێک لە سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل دەستگیرکردنی ئەو سەربازانەیان ئیدانە کردووە.

ئیتامار بن گێر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە "شەرمەزاری" ناوبرد.

لە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل هەزاران فەلەستینی لە ژێر ئەوەی ناوی دەنێت "دەستبەسەرکردنی ئیداری" دەستگیرکردووە.



"دەستبەسەرکردنی ئیداری" سیاسەتێکی ئەمنی لەمێژینەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیا و تا ئێستاش ڕێگە بە حکومەتی ئیسرائیل دەدات خەڵک بەبێ تۆمەت و بەبێ هیچ بەڵگەیەک لە دژی ئەوان زیندانی بکات بۆ ماوەیەکی نادیار.

هەروەها زۆرێک لە دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییە بەبێ پارێزەر دەستبەسەرن.

فەلەستینییەکان کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد کراون، دەڵێن لە چەند هەفتەی دوای هێرشەکانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، لەلایەن پاسەوانانی زیندانەکانەوە لێیان دراوە و سزای گروپییان بەسەردا سەپێنراوە.

ئیسرائیل بە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە ڕایگەیاندووە کە هەموو زیندانییەکان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن