وڵاتێكی ئەوروپا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا ئاسایی دەكاتەوە

جیهان

26/07/2024     ژمارەی بینراو 316

راچڵەكین -

لە دەستپێشخەرییەكدا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا، حكومەتی ئیتاڵیا بڕیاریدا باڵیۆزی خۆی رەوانەی دیمەشق بكات و داواش لە یەكێتی ئەوروپا دەكات چاو بە كۆی سیاسەت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبیەدا بخشێنێتەوە.

ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، حكومەتی رۆما بڕیاریداوە باڵیۆزخانەكەی لە دیمەشق بكاتەوەو ستیفانۆ ڕاڤانیان، كە ئێستا نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەیە لە سوریا، وەك باڵیۆزی خۆی لەو وڵاتە دەستنیشان بكات.

وەزیری دەرەویە ئیتاڵیا داواشی لە جۆزێپ بۆرێل رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا كرد، چاو بە سیاسەت و پەیوەندییەكانی بەرامبەر سووریادا بخشێنێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدات.

بڕیارەكەی ئیتاڵیا دوای هەڵوێستێكی هاوبەشی ئەو وڵاتەو هەریەك لە نەمسا، قوبرس، كۆماری چیك، یۆنان، كرواتیا، سلۆڤینیا و سلۆڤاكیا دێت، كە لەنامەیەكی هاوبەشدا بۆ رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، داوایان كردبوو یەكێتییەكە رۆڵێكی چالاكتر لە سوریا بگێڕێت.

لە ئێستادا شەش باڵیۆزخانەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە دیمەشق كراوەن، كە بریتین لە ڕۆمانیا، بولگاریا، یۆنان، قوبرس، كۆماری چیك و هەنگاریا.

ئیتاڵیا وەك یەكەم وڵاتی ئەندام لە گروپی حەوت دێت كە بڕیاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ سووریا بدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن