تێکدانی هێڵی ئاسنی فەرەنسا؛ ئیسرائیل هۆشدارییەکی ئەمنی دەدات

جیهان

26/07/2024     ژمارەی بینراو 276

راچڵەکین-

لە سەروبەندی مەراسیمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس بۆ ساڵی ٢٠٢٤، کۆمپانیای هێڵی ئاسنی فەرەنسی کردەوەی تێکدەرانەی دژی کۆمپانیاکە ڕاگەیاند.

چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە سەد سەرۆکی دەوڵەت لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداری ئەم مەراسیمە بکەن. سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەم مەراسیمە بانگهێشتکراون.

سەرەڕای ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەکان، هێڵی ئاسنی فەرەنسا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیاکە لە ئێوارەی پێنجشەممەوە بووەتە ئامانجی چەندین هێرشی هاوکات و بە تایبەتی کاریگەری لەسەر جوڵەی شەمەندەفەرە خێراکانی فەرەنسا هەبووە.

لە هەمان کاتدا، ئیسڕائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە زانیاری هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات حکومەتی ئێران "پلانی هێرشی تیرۆریستی دژی شاندی ئیسرائیل و هەموو بەشداربووانی ئۆڵۆمپیاد دادەڕێژێت و بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکەیان، دەبێت ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر".

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی هارتز-ی ئیسرائیلی، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە فەرەنسا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست بۆ ئاگاداربوون لە تیپی وەرزشی ئیسرائیل و هاوەڵەکانیان. ڕێکخراوی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ دەستی هەیە لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە فەرەنسا.

لە ماوەی سەدەیەکدا بۆ یەکەمجارە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە پاریس بەڕێوەبچێت. هەروەها یەکەمجارە لە مێژووی ئۆڵۆمپیاددا کە کردنەوەی ئەم یارییانە لە دەرەوەی یاریگا و لەسەر ئاو ئەنجام بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن