کۆبوونەوەی هەسەدە بەئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی؛ چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکران

کوردستان

26/07/2024     ژمارەی بینراو 585

راچڵەکین-

بەئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی ئەنجوومەنی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، تێیدا چەند پرسێک تاوتوێ کرا و ژمارەیەک بڕیار دەرکرا، گرنگترینیان کاراکردنەوەی دیالۆگی کوردی - کوردیی بوو لە ماوەی داهاتوودا.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، کۆبوونەوەی خولیی خۆی بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو هێزانە و ئەندامانی سەرکردایەتیی گشتیی هێزەکە کرد.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە: "تاوتوێی دۆخی سووریا بە گشتی، ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت کرا، جەخت لە گرتنەبەری سیاسەتێکی کردەیی و کراوە بەرامبەر بە هەمووان بۆ هەموو پرسەکان و ئامادەبوون بۆ هەر پێشهاتێک، کرایەوە."

لەبارەی هێرشەکانی تورکیاش لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کار و هەوڵی بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە.
 
هەروەها لەو کۆبوونەوەدا بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی بۆ ئەو کەسانە دەرکرا کە لە خزمەتی سەربازی هەڵاتوون، جگە لە یەکلاییکردنەوەی دۆخی ئەو کەسانەی دواکەوتوون یان گوێزراونەتەوە و لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستەش دروستدەکرێت.
 
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی کۆبوونەوە زیادکردنی ماوەی گرێبەستی پەیوەندیکردنە بە هێزە سەربازییەکان لە دوو ساڵەوە بۆ سێ ساڵ، جگە لە زیادکردنی خولی سەربازی و تایبەتمەند بەتایبەت بۆ سەربازە نوێیەکان.
 
سەبارەت بە دیالۆگی کوردی - کوردی، واتە دیالۆگی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد (پەیەنەکە)، لە کۆبوونەوەکە بڕیاری کارکردنەوەی دیالۆگەکە درا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن