كارەبای 24 كاتژمێری بۆ گەڕەكێكی هەولێر دابیندەكرێت

کوردستان

25/07/2024     ژمارەی بینراو 215

راچڵەكین -

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێكی پڕۆژەیەكی ئەزموونی رادەگەیەنێت، كە ئامانج لێی دابینكردنی كارەبای نیشتیمانی 24 كاتژمێرییە بۆ بەشێكی دانیشتووانی گەڕەكی شادی، كە دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكە لە قۆناغێكی ئەزموونیدایە، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ مۆلیدەكانی گەڕەكی شادی لەهەولێر كراوە بەمەبەستی ڕێگریكردن لە ئەگەری پچڕانی كارەبا لە ناوچەكەدا.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەكانی ئەم گەڕەكە، تەنها یەك پسووڵەی كارەبایان بۆ دێتەوە، كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەڕێگەی كورتەنامە SMSـەوە ئاگاداردەكرێنەوە لەبارەی ڕێژەی بەكارهێنانیان، ئەمەش ئاسانكارییەكە بۆ ئەوەی ئاستی بەكارهێنانیان بزانن.

پڕۆژە ئەزموونییەكە یارمەتیدەری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواكارییەكانی هاوڵاتییان تێبگات، تاوەكو لە داهاتوودا بتوانێت كارەبای 24 كاتژمێری بەشێوەیەكی كارامە بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن