ئەحمەدی نەژاد لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری دەبێت

جیهان

25/07/2024     ژمارەی بینراو 216

راچڵەكین -

سەرۆكی پێشووتری ئێران لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری دەبێت و یەكێك لە پاسەوانێكیشی بریندار بوو.

گۆڤاری نیوزویك-ی ئەمریكی لەچەند سەرچاوەیەكی میدیای ناوخۆی ئێرانییەوە بڵاویكردەوە، مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەكاتی گەشتێكی لە تاران-ەوە بۆ شاری زەنجان (باكوروی رۆژئاوای ئێران)، یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانی بەهۆی گرفتی تەكنیكییەوە كۆنترۆڵی لەدەستداو خۆی بە ئۆتۆمبیلێكی دیكەدا كێشاو بەهۆیەوە یەكێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوو.

گۆڤارەكە ئاشكرایكردووە، ئەو ئۆتۆمبێلەی دووچاری رووداوەكە بووە، ئۆتۆمبێلی تایبەتی ئەحمەدی نەژادەو لەجۆری تۆیۆتا لاندكرۆزە، بەڵام بەهۆی كارنەكردنی ئامێری فێنككرەوە، پاسەوانەكانی ئامۆژگارییان كردووە ئۆتۆمبیلێكی دیكە بەكاربهێنێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە كەناڵی ئێران ئینتەرناشیونال بڵاویكردووەتەوە، ئۆتۆمبێلە تایبەتییەكەی سەرۆكی پێشووتری ئێران رۆژێك پێش رووداوەكە، بەمەبەستی چاككردنی ئامێری فێنككرەوە، رادەستی یەكەی سەرۆكایەتی ئێران كراوە، بەڵام لەبری ئەوەی ئۆتۆمبێلەكە ببرێتە شوێنی تایبەت بە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكایەتی، براوەتە شوێنێكی نادیار، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستكردووە كە بەشێوەیەكی پیلان بۆداڕێژراو دەستكاری ئۆتۆمبێلەكە كرابێت بەمەبەستی كوشتنی ئەحمەدی نەژاد.

مەحمود ئەحمەدی نەژاد دوای كۆتایی هاتنی ئەركەكەی وەك سەرۆك كۆماری ئێران، تیمێكی پاسەوانی بۆ دیاریكراوە، كە سەرجەمیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستنیشان دەكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن