لیرەی توركی نزمترین ئاست لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی تۆمار دەكات

ئابوری

25/07/2024     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین -

جارێكی دیكە بەهای لیرەی توركی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزینی تۆماركردو ئەمڕۆ نزمترین ئاستی لە مێژوودا بەخۆیەوە بینی.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕە داراییەكانی ناوخۆی توركیا، بۆ سێ هەزارو 306 لیرە بەرزبووەوەو چاوەڕوان دەكرێت دابەزینی زیاتریش بەخۆیەوە ببینێت.

ناوەندە ئابورییەكانی توركیا، هۆكاری دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە لەبەرامبەر دۆلارو دراوە بیانییەكانی دیكە، بۆ سیاسەتی هەڵەی ئابووری وڵاتەكەیان و نرخی سوودی بانكیی دەگەڕێننەوە، كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ئاستی هەڵاوسان لە ناوخۆی وڵاتدا.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكانی توركیا، لەماوەی 12 مانگی رابردوودا، دراوی لیرە نزیكەی 70%ی بەهاكەی لەبەرامبەردا دۆلاری ئەمریكی لەدەستداوە. 
 
لەلایەكی ترەوە، بانكی وەبەرهێنانی ئەمریكی (مۆرگان ستانلی) پێشبینی كردووە بەهای لیرەی توركی روو لە دابەزینی زیاتر بكات و تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو نرخی 100 دۆلار بگاتە سێ هەزارو 900 لیرە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن