1% دەوڵەمەندەکانی جیهان لە ماوەی دە ساڵدا 42 تریلیۆن دۆلاریان کۆکردۆتەوە

ئابوری

25/07/2024     ژمارەی بینراو 224

راچڵەکین-

کەسایەتییە هەرەدەوڵەمەندەکانی جیهان، تەنها یەک لەسەدی کۆی گشتی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، لە دە ساڵی ڕابردوودا داهاتەکەیان 42 ترلیۆن دۆلار زیادی کردووە. بەڵام تەنها 0.5 لەسەد باج دەدەن. بڕیارە ڕێژەی باجیان لەسەر زیاد بکرێت.

ڕێکخراوی هاوکاریی ئۆکسفام، لە سەروبەندی کۆبوونەوەی "گروپی 20" لە بەڕازیل، کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکەیان بریتییە لە وەرگرتنی باج لە هەرەدەوڵەمەندەکان، ڕایگەیاندووە کە یەک لە سەدە هەرەدەوڵەمەندەکانی جیهان، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سامانی خۆیان بۆ کۆی گشتی 42 تریلیۆن دۆلار زیاد کردووە.

بە گوتەی ئەم ڕێکخراوە کە ناحکومیی نێودەوڵەتییە، وێڕای زیادبوونی داهاتی خەیاڵیی، بەڵام ئەو باجەی کە ئەم دەوڵەمەنترین کەسانەی جیهان دەیدەن، بەشێوەیەکی مێژووی و بێ پێشینە کەمبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نایەکسانی و نادادپەروەری.

بەپێی ئامارەکانی ئۆکسفام، ئەو 42 تریلیۆن دۆلارەی کە کۆی سامانی کەسە هەرەدەوڵەمەندەکانە، کە تەنها یەک لەسەدی جیهان پێکدەهێنن، نزیکەی 36 هێندەی سامانی نیوەی هەژارترین دانیشتوانی جیهان زیاترە.

بەوتەی  ئۆکسفام، سەرەڕای ئەو سامانە، ملیاردێرەکان لە سەرانسەری جیهاندا تەنها کەمتر لە 0.5%ی سامانەکەیان دەدەن بە باج.

بەڕازیل، لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی "گروپی 20" کە ئەو وڵاتانە لەخۆدەگرێت کە کۆی گشتی 80%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیان هەیە، بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیکردووە بە هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان وەربگرێت.

لە لوتکەی ئەم هەفتەیەدا لە ڕیۆ دی جانیرۆ، چاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی دارایی گروپەکە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی باج لەسەر کەسە دەوڵەمەندەکانی جیهان و ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە ملیاردێرەکان لە باج.

پلانی بەڕازیل بڕیارە لە کۆبوونەوەی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا تاوتوێ بکرێت و لە کاتێکدا فەرەنسا، ئیسپانیا، باشووری ئەفریقا، کۆڵۆمبیا و یەکێتی ئەفریقا پشتیوانی لێدەکەن، بەڵام ئەمریکا بە توندی دژی وەستاوەتەوە.

ئۆکسفام ئەم پلانەی بە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ وڵاتانی ئەندامی "گروپی 20" زانی و داوای لێکردن لانیکەم باجێکی ٨٪ لەسەر سامانی ساڵانەی دەوڵەمەندەکان دابنێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن