ناتانیاهۆ لە ئەمریکاوە هێرشی توند دەکاتە سەر ئێران

جیهان

25/07/2024     ژمارەی بینراو 265

راچڵەکین-

لە وتارەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە دەکات".

هەروەها ناتانیاهۆ ئێرانی بە "میحوەرێکی تیرۆر" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بە دابینکردنی دارایی بۆ خۆپیشاندانەکانی دژ بە ئیسرائیل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی چوونە ناو بارەگای کۆنگرێس بە ناڕازییانی دژ بە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن وتی: ئێوەی گەمژە بە فەرمی بوونەتە ئامرازی دەستی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە، لە میانەی وتارێکی مێژوویی لەبەردەم نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا، کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی واشنتۆن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام لە غەززە پێشکەشکرا، نەتانیاهۆ وتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر(هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل) هاوشێوەی هێرشەکەی ١١ی سێپتەمبەرە.



ناتانیاهۆ جیا لە ئێران، هێرشی توندی کردە سەر حەماس و تۆمەتباری کرد بەدزینی هاوکارییە مرۆییەکان و وتی " سەبارەت بە دۆخی ترسناکی مرۆیی غەززە، برسێتی لە غەززە بەهۆی دزینی یارمەتییە مرۆییەکانە لەلایەن حەماسەوە".

پێش ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ بچێتە ناو کۆنگرێسەوە، هەزاران خۆپیشاندەر دژی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە نزیک بینای کۆنگرێس کۆبوونەوە و بەشێکیان ئاڵای فەلەستینیان هەڵگرتبوو.



شایانی باسە کە ناتانیاهۆ  لە دۆخێکدا گەیشتە واشنتۆن کە ناڕەزایی بەشێک لە یاسادانەرانی ئەمریکا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە بەردەوامە.

لە هەمان کاتدا کە ناتانیاهۆ چووە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نزیکەی ٥٠ ئەندامی کۆنگرێس بایکۆتی وتارەکەی کرد.

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان بە سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ واشنتۆن، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی پشتیوانی لە پرسی فەڵەستین ناڕەزایەتییان دەربڕی لە سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کرم و مێروویان لە شوێنی نیشتەجێبوونیدا بڵاوکردەوە.

ڕۆژی سێشەممەش سەدان جوو دژی ناتانیاهۆ و فرۆشی چەکی ئەمریکا بەئیسرائیل لە ئۆفیسی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن