بایدن:مەشخەڵی دیموکراسی بە جیلی نوێ دەسپێرم

جیهان

25/07/2024     ژمارەی بینراو 190

راچڵەکین-

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پاڵپشتیکردنی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکەکەی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، لە وتارەکەی شەوی چوارشەممەدا لە کۆشکی سپییەوە، کە ڕاستەوخۆ بۆ گەلی ئەمریکا پەخشکرا، ڕایگەیاند، مەشخەڵی دیموکراسی بۆ نەوەیەکی نوێ دەسپێرم.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بایدنی تەمەن ٨١ ساڵ دەڵێت: "من ئەم ئۆفیسە [ئۆفیسی کۆشکی سپی]م خۆشدەوێت، بەڵام زیاتر وڵاتەکەمم خۆشدەوێت". پێم وایە باشترین ڕێگا بۆ پێشەوە ئەوەیە کە مەشخەڵەکە بگوازینەوە بۆ نەوەی نوێ. ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ یەکخستنی نەتەوەکەمان”.

بایدن وتی: بەرگریکردن لە دیموکراسی لە هەموو نازناوێک گرنگترە. هەرچییەک بۆ گەلی ئەمریکا بکەم، هێزم پێدەبەخشێت و دڵخۆشم دەکات. بەڵام تەواوکردنی ئەم ئەرکە پیرۆزە لەسەر شانی من نییە، بەڵکو لەسەر ئێوەی گەلی ئەمریکییە.

سەرۆکی دیموکراتی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە: خاڵی سەرەکی سەبارەت بە ئەمریکا ئەوەیە کە سوڵتان و دیکتاتۆر لێرە حوکمڕانی ناکەن؛ خەڵک حوکمڕانی دەکەن. مێژوو لە دەستی ئێوەدایە. دەسەڵات لە دەستی ئێوەدایە. بیرۆکەی ئەمریکا لە دەستی ئێوەدایە".

بایدن لە ساڵی ١٩٧٢ دەستی بە کاری سیاسی فەرمی کردووە و لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا بووە سیناتۆر و بووە شەشەم گەنجترین سیناتۆر لە مێژووی ئەمریکادا. بایدن لە ٢٠ی مانگی یەکی ٢٠٢٥ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت، وەک بەتەمەنترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن