ئاسایشی هەولێر لەسەر هێرشكردنە سەر هەڵسوڕاوێكی گۆڕان دێتە دەنگ

کوردستان

24/07/2024     ژمارەی بینراو 386

راچڵەكین -

ئاسایشی هەولێر لەبارەی هێرشكردنە سەر هەڵسوڕاوێكی گۆڕان و ئەشكەنجەدانی لەلایەن كارمەندێكی ئاسایشەوە، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: لەسەر ئەو رووداوە كە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە، كارمەندەكەی ئاسایش دەستبەسەر كراوە.

لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، داوای لە هەڵسوڕاوەكەی گۆڕان كردووە سكاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بكات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی

دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و لێدوانی هاووڵاتییەك بە ناوی سەریاس عەونی، كە گوایە لەلایەن  ئاسایشی هەولێر دەستدرێژیی كراوەتە سەر، بۆ هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین، ڕاستی ڕووداوەكە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و كەسییە لە نێوان سەریاس عەونی و كارمەندێكی بنكەیەكی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون.

دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، بەرێوەبەرایەتییەكەمان هەڵساوە بە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لە بەرامبەر ئەو كارمەندە و دەستبەسەر كراوە، هاوكات داواش لە هاووڵاتی سەریاس عەونی كراوە، كە سكاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بكات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.

لێرەوە هاووڵاتییان و هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە مافیان پارێزراوە و بەگوێرەی یاساش ڕێگەپێدراو نییە هیچ كەسێك ناوی دەزگا ئەمنییەكان بۆ مەرامی كەسی بەكار بهێنێت. 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
24ی تەممووزی 2024

روونكردنەوەكەی ئاسایشی هەولێر لەدوای هەڵوێستەكەی مەكۆی هەلێری بزوتنەوەی گۆڕان دێت كە وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر ئەشكەنجەدانی هەڵسوڕاوێكیان بەناوی سەریاس عەونی لەلایەن چەند كارمەندێكی ئاسایشی توڕەق، بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پارێزگاری هەولێر بپچڕێنێت.

دوێنێ سێشەممە، هێمن شێخانی، باژێڕوانی مەكۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر رووداوی پەلاماردان و ئەشكەنجەدانی هەڵسوڕاوەكەمان، دەبێ ئاسایشی هەولێر بەفەرمی داوای لێبوردن بكات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی هەڵسوڕاوەكەشمان بكاتەوە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن