ئاسایش دەستگیركردنی ژمارەیەك تیرۆریستی دا.عش رادەگەیەنێت

کوردستان

24/07/2024     ژمارەی بینراو 228

راچڵەكین -

ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی ژمارەیەك تیرۆریستی داعش رادەگەیەنێت، كە پیلانیان دانابوو بۆ ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی و تیرۆركردنی چەند فەرماندە و ئەفسەرێكی باڵای هێزە ئەمنییەكان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، تیرۆریستەكان ژمارەی 11 تیرۆریست بووەو لە چوار هەڵمەتی سەركەتوودا لەلایەن هێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشەوە دەستگیركران.

دەقی راگەیەندراەكە:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، زانیاری دروستی دەستكەوت لەسەر چەند گروپ و تاقمێكی تیرۆریستی (داعش) لەسنوری هەرێمی كوردستان، لە خۆڕێكخستندان و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین كردەوەی  تیرۆریستی و تیرۆركردنی چەند فەرماندە و ئەفسەرێكی باڵای هێزە ئەمنییەكان.

پاش بەدواداچوونی بەردەوام و لێكۆڵینەوەی مەیدانی وورد و شەونخونی هێزەكانمان، بەڵگەی پێویست و دروستیان دەستكەوت بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان و هەموو ئەو تۆمەتبارانەی گومانلێكراو بوون، بۆ ماوەی چەند رۆژێك بە بەردەوامی خرانە ژێر چاودێری ووردەوە و دڵنیابووینەوە لەمەرام و پیلانەكانی تیرۆریستان كە خۆیان ئامادە كردبوو ئارامی هەرێم تێكبدەن.

دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، پلانی تۆكمە دانرا بۆ دەستگیركردنیان، لە (چوار) هەڵمەتی سەركەتوودا هێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایش لەڕۆژانی (٣ی٧ی٢٠٢٤)و دواتر بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش شارەزوور، لە پارێزگاكانی {هەڵەبجە ، سلێمانی ، گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی ، گەرمیان ، چەمچەماڵ }، ١١ تیرۆریست دەستگیركران كە پێكهاتبوون لە تیرۆریستانی هەرە تاوانبار و هەر سێ ئەمیری گروپ و تاقمەكان ( دیاری سەعدی - ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور ) ، ( ئیكرام خالید ناسراو بە حاجی ئیكرام - ئەمیرو سەرپەرشتیاری ناردنەدەرەوەی تیرۆریستان ) ، ( شێركۆ عەبدوڵا - ئەمیری ئەمنی ) و  ٨ تیرۆریستی تر بە ناوەكانی ( و . س ) ، (ع . و)، (ئ . س)، (و .ئ)، (ز ، ئ)، (س،م)، (ب،ف) ، (دانا عوسمان ) پاش لێكۆڵینەوەی وورد دانیان بەتاوانەكانیاندا نا كەپیلانیان دانابوو ژمارەیەك فەرماندەو ئەفسەری باڵای ئەمنی و ئیداری تیرۆر بكەن و چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە شارەكانی هەرێم ئەنجامبدەن.

پاش بەدواداچوونی زیاتر ڕونبووەوە تیرۆریستی هەڵهاتوو لە ووڵاتی بەریتانیا ( بیلال مەحمود) ناسراو بە یاخی پەیوەندی بە گروپەكەوە هەبووە و ئاڕاستەی كردوون بۆ بڵاوكردنەوەی فكری ( دەوڵەتی بەناو ئیسلامی ) توندڕەوی و تیرۆر.

 _دانپێدانانی هەرچوار تیرۆریست  ١ - تیرۆریستی هەرەتاوانبار ( دیاری سەعدی ) ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور .٢ - تیرۆریست ( شێركۆ عبدالله محمد ) ٣-تیرۆریست (  دانا عوسمان ) ٤- تیرۆریست ( ئیقبال سەعدی .

ئاشكراكردنی ئەم پیلانەی تیرۆریستان و شكستپێهێنانی مەرامەكانیان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم لە بەرئەنجامی شەونخونی و ماندوبوونی یەك مانگ كاركردنی بەردەوامی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش هات كە پشوو درێژانە سەركەتووبوون لە هەوڵەكانیان.

وێڕای دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی بێپایانیشمان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانمانبوون، دڵنیاشیان دەكەینەوە پشتیوان بەخوای گەورە هەمیشە پارێزەری ژیان و ئارامی خەڵكەخۆشەویستەكەی خۆمان دەبین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن