ویلیامز داهاتووی خۆی دەخاتە نێوان دوو یانە

وەرزش

24/07/2024     ژمارەی بینراو 114

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا ڕایگەیاند، نێکۆ ویلیامز، یاریزانی باڵی یانەی ئەتلەتیک بلباو و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڕیاری خۆی سەبارەت بە داهاتووی خۆی داوە.

ویلیامزی تەمەن (22 ساڵ) بە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی بارسێلۆنا دادەنرێت لەم هاوینەدا، بەتایبەتی دوای درەوشاوەیی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەشداری بەهێزی لە بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2024.

هەروەها ناوی یاریزانە باڵەکەی بلباو پەیوەندی بە گواستنەوەی بۆ یانەکانی چێڵسی و ئارسناڵەوە هەیە بۆ یاریکردن لە خولی نایابی ئینگلیزی، هەروەها پاریس سانجێرمان لە فەرەنسا.

بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی کەتەلۆنی، ویلیامز داوای لە نوێنەرەکانی کرد هەموو ئەو ئۆفەرانە پشتگوێ بخەن کە بۆی کراوە، جگە لە ئۆفەرەکەی بەرشەلۆنە.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ویلیامز لەم هاوینەدا تەنها بیر لە دوو بژاردە دەکاتەوە، یەکەمیان ڕۆیشتنە بۆ بەرشەلۆنە، دووەمیان مانەوەیە لەگەڵ یانەکەی کە ئەتلەتیک بلباوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرشەلۆنە بەنیازە بەر لە ناوەڕاستی مانگی ئاب بڕگەی ئازادکردنی گرێبەستەکەی ویلیامز چالاک بکات، دوای ئەوەی هەندێک یاریزانی فرۆشتووە و هەندێکیان مووچەکەیان کەمکراوەتەوە.

گرێبەستەکەی ویلیماز لەگەڵ بلباو تاکوو ساڵی 2028، و بڕگەی ئازادکردنی بە بەهای 58 ملیۆن یۆرۆیە.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن