نـەیزەکە زەبەلاحەکـەی ئـەریـزۆنا

هەمەڕەنگ

24/07/2024     ژمارەی بینراو 255

راچڵەکین-

ئـەم چاڵە گـەورەیە کە تیـرەکەی 1186 مەتـرە و قوڵـی نزیـکەی 200 مەترە شوێنی بەرکەوتنـی بەردە نەیزەکێکی تیرە 50 مەتریە، تا ئێستاش گەورەترین و ناودارترین شوێنی بەرکەوتنی نەیزەکێکە لە جیهان کە بە پارێزراوی مابێتەوە.

چاڵی Barringer کە لە ویلایەتی ئەریزۆنایە لە ئەمەریکا شوێنی بەرکەوتنی نەیزکێکە کە بەر لە نزیکەی 50 هەزار ساڵ بەر ئەو شوێنە کەوتووە، ئێستاش پارچەی بچوکی نەیزەکەکە دەدۆزرێتەوە لەو شوێنە و دەوروبەری تا دوری چەندەها کیلۆمەتر لەنێو گڵ و بەردەکانی ئەو شوێنە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەسەر پارچەکان دەردەکەوێت ئەم نەیزەکە هەسـارۆکەیەکی بچوکی پشـتێنەی هەسـارۆکەکان بووە کە خولگەکەی لەنێوان هەسارەی مـەریخ و هەسارەی جـوپیتەر بووە بەڵام وێڵ بووە و بەر هەسـارەی زەوی کەوتووە لەو شوێنە، ئەم بەردە نەیزەکە زۆر گەورە بووە و بارستەکەی پتر بووە لە 300 هەزار تۆن و ئەمەش وزەی بەریەککەوتی بەسەر ڕووی زەوی دەکاتە نزیکەی هێزی تەقینەوەی 10 ملیۆن تۆن TNT کە ئەمەش یەکسانە بە 150 بۆمبی ناوکی وەک ئەوەی لە هیڕۆشیما خرایە خوارەوە.

بەدرێژایی مێژووی 4.5 ملیار ساڵەی هەسـارەی زەوی مـلیۆنەها بەریەککەوتی نەیزەک و هەسـارۆکەکان لەم جۆرە و زۆر گەورەتریش لەگەڵ هەسـارەی زەوی ڕوویانداوە بەڵام بەهۆی بوونی ئاو و بەرگە هەوا و با و کەش و هەوا و هەروەها جوڵەی تەکتۆنەکانیش لەسەر هەسارەکەمان بۆیە ئاسەواری ئەو بەرکەوتنانە نەماون، مانەوەی ئەو شوێنەش لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک...



یەکەم: ئەو شوێنە بیابانێکی گەورەیە لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە ئەمەریکا، دووەم: مێژووی بەریەککەوتنەکە بەبەراورد هێندە کۆن نیە و تەنیا 50 هەزار ساڵە، سێیەم: شوێنەکە پتر لە سەد ساڵە پارێزراوە لەتێکدان و دەست بۆ بردنی مرۆڤ.

بۆ زانیاریشتان لە بەرواری 2029/4/13 هەسارۆکەی Apophis کە تیرەکەی نزیکەی 300 مەترە زۆر زۆر بە نزیک هەسارەی زەوی تێدەپەڕێت بەشێوەیەک نزیکتریش دەبێت لە سەتەلایتەکانی پەیوەندیکردن و دوری لە زەوی دەبێتە تەنیا 31600 کیلۆمەتر و هەندێک ئەگەری بەرکەوتنی بەهەسارەی زەوی لەو نزیکبوونەوەدا لەئارادا دەبێت، ئەگەر ئەپۆفیس ئەو کاتە بەر زەوی بکەوێت هێزی وێرانکردنی 215 جار زیاتر دەبێت لە هێزی وێرانکردنی ئەم نەیزەکەی لێرە بەر ئەو شوێنەی ئەریزۆنا کەوتووە، لەڕاستیدا ئەپۆفیس ئەگەر بەر سەنتەری هەر شارێکی جیهان بکەوێت هەرچەندە شارەکە گەورەبێت بە تەواوی وێـرانی دەکـات...

 

نـوسینی: لوقمان حەوێز

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن